رووداو دیجیتاڵ
ئێڵا، کچێکی تەمەن سێ ساڵانە و بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشییەکی دەگمەنی بۆماوەیی، توانای وەستان و رۆیشتنی لەدەستداوە. چارەسەرییەکەی شەش دەرزییە کە کۆی نرخەکەی 750 هەزار دۆلارە، بەڵام باوکی کرێکارە و توانای دابینکردنی نییە.
ئێڵا، تاوەکو تەمەنی شەش مانگیی تەندروستیی تەواو بووە، بەڵام دواتر تووشی پووکانەوەی ماسولکەی درکەپەتک (SMA) بووە، کە نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەنە و هێزی لە جەستەیدا نەهێشتووە.
کارژین مستەفا، دایکی ئێڵا، بە رووداوی گوت: "رۆیشتنی نەماوە، تەنانەت کە دەیشۆم، زۆر ماندوو دەبم. سەردانی پزیشکی زۆرمان کرد تاوەکو نەخۆشییەکەیمان زانی. پزیشک گوتی، تووشی پووکانەوەی ماسولکەی درکەپەتک بووە."
ئێستا ئێڵا تەمەنی سێ ساڵە و کێشی تەنیا 6 کیلۆگرامە. دایک و باوکی سەردانی چەندین پزیشکیان کردووە و پێیانگوتوون، تەنیا چارەسەری دەرزییەکی تایبەتە بەناوی "نوسینێرسێن" کە نرخی یەک دانەی 125 هەزار دۆلارە.
رەفعەت جەوهەر، باوکی ئێڵا، کرێکارە و رۆژانە 12 هەزار دینار پەیدا دەکات، لە خانوویەکی کرێدا دەژین کە مانگانە 200 هەزار دینار دەدەن. ئەو دەڵێت: "ئێستا لە توانای مندا نییە چارەسەری کچەکەم بکەم، هەرچیم لەدەست هاتووە کردوومە، بەڵام تێچووی چارەسەرەکەی زۆرە. من کرێکارم و کرێچیم."
بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان، ئێڵا بۆ ساڵی یەکەم پێویستی بە 6 دەرزی هەیە کە تێچووەکەی 750 هەزار دۆلارە. دەرزییەکە لە ئەوروپا، بەریتانیا، ئەمریکا، سعودیە، ئیمارات و تورکیا بەردەستە، بەڵام بەهۆی گرانیی نرخەکەی، وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی دابین نەکردووە.
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئیبراهیم خەسرۆ جاف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەماری منداڵان، بە رووداوی راگەیاند: "ئەم دەرزییە تێچوویەکی زۆری هەیە و پێویستە وەزارەتی تەندروستیی وڵاتان خەرجییەکەی دابین بکەن. نەخۆشییەکەی ئێڵا لە جۆری یەکەمە و زوو دەستنیشان کراوە. ئەم نەخۆشییە کاریگەری لەسەر ئەندامەکانی دیکەی جەستەش دروستدەکات و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گیانلەدەستدان."
بەپێی پشکنینە پزیشکییەکان، دایک و باوکی ئێڵا هەڵگری نەخۆشیی SMAـن. ئەوان جگە لە ئێڵا، کچێکی دیکەی 11 مانگیان هەیە کە دۆخی تەندروستیی باشە، بەڵام پزیشکان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە نابێت چیتر منداڵیان ببێت.