رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 40 رۆژ مانەوە و دەستبەسەرکردن، بەیانیی ئەمڕۆ سێ کۆچبەری کورد لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە لە لیبیاوە گەڕاونەوە بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی. یەکێکیان دەڵێت، لە زیندانی تاکەکەسی راگیراون و داوا دەکات، هیچ گەنجێک خاکی لیبیا بۆ چوونە ئەورووپا بەکار نەهێنێت.
ئاری ئیسماعیل، یەکێکە لە گەنجە گەڕاوەکان و بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی گوت: "کە چووینە پایتەختی لیبیا شەوەکەی لە هۆتێل بووین، گرووپێکی میلیشیایی هاتنە هۆتێلەکە و مۆبایلەکانیان لێ وەرگرتین و گوتیان بۆچی هاتوون؟ گوتمان بۆ ئیش. ئەوە بوو دواتر دەست و چاویان بەستین و براین بۆ زیندان و 15 رۆژ لەوێ زیندانیکراین".
8ی ئەم مانگە، 33 گەنجی دیکەی کورد کە لە لیبیا دەستگیر کرابوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان؛ ئاری ئیسماعیل و دوو هاوڕێکەی کە ئەمڕۆ گەڕانەوە، هاوڕێی ئەو گرووپە بوون و بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیان، درەنگتر لەوان گەڕانەوە.
ئەو گەنجە گوتی: "هەر نەماندەزانی براوینەتە چ زیندانێک، دۆخمان زۆر خراپ بوو، کاتێک هاتووچۆیان پێ دەکردین بۆ ژووری لێکۆڵینەوەش چاویان دەبەستین".
ئاری ئیسماعیل تەمەنی 18 ساڵە و وەک خۆی باسی دەکات، بە فەرمی و لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە خۆیان گەیاندووەتە لیبیا و ئاماژە بەوە دەکات، لە فڕۆکەخانەی هەولێر لێیان پرسیون بۆ کوێ دەچن و تەلەفۆنیان بۆ سەرووی خۆیان کردووە، بەڵام چونکە ڤیزەیان هەبووە و رێکارەکانیان یاسایی بوون رێگەی گەشتیان پێداون.
ئەو گەنجە گوتی: "دوای 15 رۆژ لە ژووری تاکەکەسی، بە ئۆتۆمبێل و یاوەری کاروانێکی پۆلیس گوازراینەوە بۆ کەمپ و لەوێش دۆخمان خراپ بوو و شوێنەکەمان زۆر قەرەباڵخ بوو، لە یەک هۆڵدا زیاتر لە 500 کەسی تێدا بوو".
ئاری ئیسماعیل ئاماژەی بە کوردانی نێو کەمپەکە کرد و گوتی، ئەوان سێ کەس بوون کە چوون 33 کوردی دیکەی لێ بووە [ئەوانەی 8ی ئەیلوول گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان] هەموویان بوون بە 36 کەس.
ئەو گەنجە باسی لە دۆخی ناو کەمپ کرد و گوتی، "ئاوی کەمپەکە بۆ خواردنەوە نەدەشیا و پیس بوو؛ هەموومان تووشی نەخۆشی و هەستیاریی پێست ببووین".
ئەو 36 گەنجە دوای 17 رۆژ نوێنەرێکی باڵیۆزخانەی عێراقیان لە لیبیا بینیوە و لە رێگەی ئەوەوە کەسوکاریان ئاگادار کردووەتەوە، کە دەستگیر کراون و لە کەمپێکدان.
وەکو ئاری باسی دەکات، بۆ گەیشتنیان لە لیبیاوە بە وڵاتانی ئەورووپا هەریەکەیان 17 هەزار دۆلار (170 وەرەقە)یان داوە و ئاماژە بەوە دەکات: "کە دەستگیرکراین قاچاخچییەکە تاوەکو 15 رۆژ ئامادە نەبوو کە ماڵەوەشمان ئاگادار بکاتەوە و گوتبووی لای خۆمن و لەبەر دۆخی ئەمنی مۆبایلیان پێ نییە".
کە نەگەیشتوونەتە ئەورووپا، ئەو گەنجانە ئەو پارەیەی بۆ گەیشتنیان دایانناوە وەریان گرتووەتەوە. ئاری ئیسماعیل گوتیشی: "وێنەی پاسپۆرتی 10 کەسی دیکەیان پێشان داین کە کورد بوون و گوتیان سۆراخیان دەزانن؟ گوتمان نا نەماندیون. هەروەها چەند کوردێکی دیکە لە لیبیا لە دۆخێکی خراپدان".
ئاری ئیسماعیل داوا دەکات "هەرکەس ئەگەر رێگەی کۆچیش دەگرێتە بەر روو نەکاتە لیبیا، من دووەم جار بوو هەوڵم دا؛ جاری پێشوو چوار مانگ مامەوە و بە 5 هەزار دۆلار رێگەیان دا بگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان".
بەهۆی هەبوونی گرووپی چەکداری جیاوازەوە، لیبیا بە شوێنێکی مەترسیدار دادەنرێت و چەندین جار هۆشداری بە هاونیشتمانیان دراوە، ئەو رێگەیە بۆ چوونە ئەورووپا بەکار نەهێنن.


.avif&w=3840&q=75)