رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین ژمارەی گۆڤاری (ژن و کار) کە گۆڤارێکی تایبەتە بە ئابووریی ژنان و بە زمانی کوردییە، لەلایەن ئەنجوومەنی ژنانی کارسازی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەدەوە دەرچوو. ئامانجی گۆڤارەکە دەرخستنی رۆڵ و ئەزموونی ژنانە لە ژیانی ئابووریدا.
رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026 ئەنجوومەنی ژنانی کارسازی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، یەکەمین ژمارەی گۆڤاری (ژن و کار)ی بڵاوکردەوە. لە رێوڕەسمی ناساندنی گۆڤارەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە ئامانجیان پێشاندانی تێکۆشان، ئەزموون و دەستکەوتەکانی ژنانە لە بواری ئابووریدا.
فیلیز ئەکینگەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی ژنانی کارسازی رایگەیاند، ئەنجوومەنەکەیان لە دامەزراندنییەوە دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە و لە رێگەی کارەکانیانەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژن لە ژیانی کارکردندا، ئەزموون و یادەوەرییەکی گرنگی دامەزراوەییان دروستکردووە.
ئەکینگەن گوتیشی: "گۆڤاری (ژن و کار) بەرهەمی ئەو ئامانجەیە کە دەمانەوێ ئەم یادەوەرییە تۆمار بکەین و بۆ داهاتووی بگوازینەوە. بە بەردەوامیی ئەم ئەرشیفە، زۆر بەپەرۆشین بۆ دەرکردنی یەکەمین ژمارەی گۆڤارەکەمان کە تێکۆشانی ژنان لە ژیانی ئابووریدا دەخاتەڕوو."
ئارزوو سونار، ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی کارسازی ئاماژەی بەوەکرد کە گۆڤارەکە تەنیا باس لە چیرۆکی ئەو ژنانە ناکات کە لە جیهانی کاردان و گوتی:"ئامانجمان دروستکردنی گۆڕەپانێکی بەهێزی هاوپشتییە، کە تێیدا ژنان هێز لە یەکدی وەربگرن، ئەزموونەکانیان بڵاوبکەنەوە، ببنە پێگەی هێز بۆ یەکدی و پێکەوە رێگەی نوێ بکەنەوە".
عادالەت کایا، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد رایگەیاند، دەرکردنی ئەو گۆڤارە بە گرنگ دەزانێت کە ئامانجی دەرخستن و بەهێزکردنی رەنجی ژنانە، کە زۆرجار بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و لە مێژوودا دەسڕدرێتەوە.
لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد 3 هەزار 210 ئافرەتی کارساز تۆمار کراون. بەپێی ئاماری وەزارەتی بارگانی تورکیا، لە پارێزگای ئامەد 3 هەزار 532 ژن خاوەن کاری خۆیانن.



.jpg&w=3840&q=75)