رووداو دیجیتاڵ سایلۆی هەولێر دەڵێت، رۆژی یەکشەممە دابەشکردنی بڕێکی دیکە لەپارەی گەنمی جووتیاران دەستپێدەکات. سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجەش دەڵێن، چاوەڕێی وەرگرتنی پارەکەن. رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوول، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بەرووداوی گوت: "بڕی 24 ملیار و 815 ملیۆن دینار وەک دوایین گوژمەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر بۆ ساڵی 2025 ئامادەیە و رۆژی یەکشەممە دەست بەدابەشکردنی دەکەین". میران بەختیار ئاماژەی بەوە کرد: "سەرجەم ئامادەکارییەکان کۆتاییان هاتووە. رۆژی یەکشەممە چەکی پارە دەدەینە جووتیاران و دەتوانن بچنە بانکی TBI بۆ وەرگرتنی پارەکەیان". پشکی پارێزگاکان لەگوژمەی هەشتەمی پارەی گەنم بەمشێوەیە دەبێت: سلێمانی و هەڵەبجە: 29 ملیار و 93 ملیۆن و 449 هەزار دینار هەولێر: 24 ملیار و 815 ملیۆن و 610 هەزار دینار دهۆک: 22 ملیار و 385 ملیۆن و 125 هەزار دینار هاوکات ئەمڕۆ هەینی، 25ـی ئەیلوول، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بەرووداوی گوت: "هێشتا پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجەمان بەدەست نەگەیشتووە. چاوەڕێین رۆژی یەکشەممە لەهەولێرەوە پارەکەمان بۆ خەرج بکرێت". سەبارەت بەوادەی دابەشکردنەکەی، نەسرین ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ وەرگرتنی پارەکە رێکارەکان دەستپێدەکەن و پێشبینی دەکەن دابەشکردنەکەی بکەوێتە رۆژی چوارشەممە. جووتیارانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک شایستەکانیان لەرێگەی هەژمارێکی بانکییەوە لەبانکی TBI وەردەگرن. نەسرین ئەحمەد روونیکردەوە، جووتیاران لەسنووری ئەو دوو پارێزگایە چەکی بانکییان پێدەدرێت و لەبانکی بابان لەسلێمانی بەکاش پارەکەیان وەردەگرن.