رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەیەکدا لە سنووری حاجی ئۆمەران، 68 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەوڵیانداوە بە قاچاخ بێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە. پاش لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا، رەوانەی وڵاتەکانیان کرانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکان، ئەو کۆچبەرانە کە هەڵگری رەگەزنامەی سووریایی، پاکستانی و ئەفغانین و ژن و منداڵیان لەگەڵدا بووە، سەرەتا لەڕێگەی ئیماراتەوە چوونەتە ئێران؛ پاشان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە گەیێندراونەتە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەبەستی سەرەکیی ئەو کەسانە مانەوە و کارکردن بووە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان بۆ سنووری حاجی ئۆمەران، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
هەوڵی چوونەژوورەوەی نایاسایی ئەو کۆچبەرانە لە کاتێکدایە، لە نیسانی 2025دا حکومەتی عێراق بڕیارێکی لەبارەی هاتنی کرێکارانی بیانی دا و بە شێوەیەکی کاتی هاتنی کرێکارانی لە سووریا و چوار وڵاتی باشووری ئاسیا قەدەخە کرد، ئەوەش بەئامانجی رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ هێزی کاری ناوخۆیی.



.jpg&w=3840&q=75)