رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێ، چەندین بەڕێوەبەرایەتی و رێکخراو لە هەرێمی کوردستان لەسەر بەکارهێنانی دیزاینی فەرەنجی لەلایەن کۆمپانیای (لویس ڤیتن)ەوە، نووسراویان بۆ وەزارەتی رۆشنبیری کردووە و داوا دەکەن سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکە تۆماربکرێ.
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 26ی ئەیلوول بە رووداوی گوت، پارێزەرانی وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر هێڵن، سەرقاڵی ئامادەکردنی سکاڵایەکن لەسەر کۆمپانیای لویس ڤیتن و داوای راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی لێ دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری گوتی، "لە سکاڵاکەدا داوا دەکەین کۆمپانیای لویس ڤیتن ئەو دیزاینەی کە بە تەواوەتی لە فەرەنجی کوردییەوە وەرگیراوە رابگرێ و نەیخاتە بازاڕەوە، یان روونکردنەوە بدات و ئاماژە بە ناوی کوردستان بکات."
چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆمپانیای جیهانیی لویس ڤیتن لە یەکێک لە نمایشەکانی جلوبەرگدا لە فەرەنسا جۆرە جلوبەرگێکی نمایش کرد کە شێوەکەی لە فەرەنجی دەچوو.
وەزارەتی رۆشنبیری روونیکردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا سکاڵاکە ئامادە دەبێت، هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا لەسەر هێڵن بن و ئەو هەڵەیە راست بکرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 24ی ئەیلوولیش بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی گەرمیان بە رووداوی گوت، "بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان کردووە کە سکاڵا لەسەر کۆمپانیای لویس ڤیتن تۆمار بکات، بەو پێیەی دیزاینی فەرەنجیان بردووە کە تایبەتە بە ناحیەی رزگاری لە سنووری گەرمیان."

