رووداو دیجیتاڵ
بۆ چوارەمین جار، کۆنفرانسی جیهانیی دەرچووانی
سابیس بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە هەولێر بەڕێوەچوو.
ئامانج لە چالاکییەکە کۆکردنەوەی دەرچووان و یادکردنەوەی 20 ساڵەی دامەزراندنی یەکەم
قوتابخانەی شوەیفات بوو لە هەرێم.
رائید مەحمود، بەڕێوەبەری هەرێمیی کۆمپانیای
سابیسی پەروەردەیی، گوتی، "ئێمە هەموو دوو یان سێ ساڵ جارێک ئەم کۆبوونەوەیە بۆ
دەرچووانمان رێکدەخەین. ئەوان شانازیی ئێمەن و بەرهەمی کار و چالاکییەکانمانن لە کوردستان
لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا. هاوتەریب لەگەڵ دیدگای سەرۆک بۆ هێنانی پەروەردەی یەکسان
بۆ کوردستان، ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی ئەم دەرچووانە بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی
کوردستان."
وەک بەشێک لە چالاکییەکان، کێبڕکێیەکی بیرۆکەی
بازرگانی لەنێوان پێنج دەرچووی قوتابخانەکەدا بەڕێوەچوو.
شایان سەربەست، کە بیرۆکەی بزنسەکەی بەناوی
"بلوپرینت" خەڵاتەکەی بردەوە، گوتی، "ئێمە وێبسایت، ئەپڵیکەیشنی مۆبایل،
سیستمی بووکینگ و بەگشتی شتی دیجیتاڵی دیزاین دەکەین. ئەمشەو خەڵاتەکەمان بردەوە."
دژوار عومەر، دەرچووی ساڵی 2016ـی شوەیفاتە و
وەک خاوەن بزنسێکی سەرکەوتوو میوانداریی هاوڕێ و دەرچووە نوێیەکانی کرد.
دژوار عومەر، گوتی، "ئەو ستانداردە لە فشار
کە شوەیفات لێرە دەیخاتە سەرت، زۆر بەباشی بۆ داهاتوو ئامادەت دەکات، هەر ئەوەش هۆکار
بوو من لە قۆناغی سێیەمی زانکۆ چوومە نێو بواری بزنس."
زیاتر لە 1000 کەس بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا
کرد و 30 کۆمپانیاش ئامادەبوون بۆ ناساندنی هەلی کار بە دەرچووان.
قوتابخانەی
سابیس مێژووی تۆڕی
پەروەردەیی سابیس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1886 لە گوندی شوەیفات لە لوبنان
دامەزراوە، لەلایەن قەشە تانیۆس سەعد و لویسا پرۆکتەر. لە سەرەتادا وەک
قوتابخانەیەک بۆ کچان بەناوی دەستیپێکرد، بەڵام دواتر گەشەی کرد و بووە تۆڕێکی
پەروەردەیی جیهانی.
تۆڕی پەروەردەیی سابیس ئێستا لە 20 وڵاتی جیهان لە 5 کیشوەردا کاردەکات و زیاتر لە 70,000 قوتابی هەیە. سیستمی سابیس بەوە ناسراوە کە پرۆگرامێکی خوێندنی توندی هەیە و ئامانجی ئامادەکردنی قوتابییانە بۆ ئەوەی لە باشترین زانکۆکانی جیهاندا وەربگیرێن.
یەکەم قوتابخانەی سابیس لە هەرێمی کوردستان و عێراق، قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات-هەولێر بوو کە لە ساڵی 2003 کرایەوە. دواتر تۆڕەکە فراوانتر بوو و چەندین قوتابخانەی دیکەی لە شارەکانی سلێمانی، دهۆک و ناوچەکانی دیکەی عێراق کردەوە.
