رووداو دیجیتاڵ
گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران بە تەواوی راگیران. بۆ ماوەی 2 رۆژە هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نەنیشتووەتەوە.
کۆمپانیای ماهان ئێر، کە تاکە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانە گەشتی ئاسمانیی لەنێوان هەولێر و سلێمانی بۆ تاران هەبوو، گەشتەکانی رۆژی هەینی رەتکرانەوە و فڕۆکەکانی نەیانتوانی بفڕن. لە ماوەی 3 رۆژدا، نزیکەی 750 بلیتی ئەو کۆمپانیایە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی و بەغدا رەتکراونەتەوە.
لە ترسی سزاکانی ئەمریکا، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی خزمەتگوزاری لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکێشی فڕۆکە ئێرانییەکان ناکەن.
میران ئاژگەیی، کە گەشتیارێکە و دەیویست لە رێگەی تارانەوە گەشتی تایلەند بکات، دەڵێت، "دەمویست سەفەربکەم، بەڵام گوتیان گەشتەکە راگیراوە. ئێستا ناچارین ئەگەر بمانەوێ بە هێڵی ئاسمانی دیکە سەفەربکەین، جگە لەوەی گرانترە درەنگتریش دەکەوینەوە."
هاووڵاتییان لە بەغداش نیگەرانیی خۆیان نیشان دەدەن. عەلی سەمیر، کە فەرمانبەرە، دەڵێت، "بۆ ئەوان بڕیارێکی دروستە، بەڵام ئێمە لەو نێوەندەدا گیرمان خواردووە."
کەریم کازم، کە خانەنشینێکی بەغدایە، باس لەوە دەکات کە هاوژینەکەی نەخۆشە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەردەوام سەردانی ئێرانیان کردووە و دەپرسێت، "باشە تاوانم چییە نەتوانم سەردانی نەخۆشخانە بکەم و چارەسەری وەربگرم."
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە سلێمانی رایگەیاند، "دوێنێ چەندین گەشتیارمان هەبووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە رێگەی وشکانییەوە گەڕاونەتەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیای ماهان ئێر ئاگاداریکردین گەشتەکان هەڵوەشاونەتەوە."
ئێستا وشکانی تاکە رێگەی گەشتکردنە لەنێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان. پێش سەپاندنی سزاکان، مانگانە نزیکەی 500 گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و ئێراندا هەبوون، بەتایبەتی لە کاتی بۆنە ئایینییەکاندا.

