رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری مەریوان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت:" دوێنێ شەممە، گەنجێکی خەڵکی گوندی رەزاب و دانیشتووی شاری مەریوان لە کاتی گوێز تەکاندن لە گوندی گاگل لەسەر دار کەوتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو کەسەی لە سەر دار کەوتووتە خوارەوە ناوی هێرش عەبدی، تەمەن 39 ساڵ بووە پاش گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی بە هۆی سەختی برینەکەی ئەمڕۆ گیانی لە دەستدا.
پارێزگای سنە لە سەر ئاستی ئێران بە پلەی دووەم دێت لە رووی بەرهەمهێنانی گوێز و 11 هەزار هێکتار باخی گوێزی هەیە کە ساڵانە نزیکەی 29 هەزار تۆن گوێز لەو پارێزگایە بەرهەم دێت و بەشێک لەو بەرهەمە هەناردە پاریزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و دەرەوەی ئێرانیش دەکرێت.
ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گوێز تەکاندن، رووداوی کەوتنەخوارەوە لەسەر دارگوێزەکان زیاد دەکات.




