رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی شانۆیەکی سەرشەقامی مەریوان کە گرووپی شانۆی (سایلێنت) بە بەشداریی 25 ئەکتەر نمایشی کرد. شانۆکە بە گێڕانەوەیەکی بێدەنگ، مەینەتی و مەترسییەکانی رێگەی کۆڵبەری خستەڕوو.
شانۆی (سایلێنت) لە نووسین و دەرهێنانی سەیید سۆران حوسێنییە. شانۆکە لە چواڕییانی شەبرەنگی شاری مەریوان دەستیپێکرد و دوای سێ کاژێر و پێشکێشکردنی بڕگەکانی لەنێو شەقام و کۆڵانەکان، لە کەناراوەکانی دەریاچەی زرێبار کۆتاییهات.
سۆران حوسێنی بە رووداوی راگەیاند:" ئەم بەرهەمە تیشک دەخاتە سەر دۆخی دژواری ژیانی کۆڵبەران، هاوکات لە رێگەی هونەری شەقامەوە ئەو هۆکارە ئابوورییانە دەخاتە بەر باس و رەخنە کە هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناچار دەکات روو لەم رێگە پڕمەترسی و سەختە بکەن."
حوسێنی هەروەها دەڵێت:" هەندێک لایەن ویستوویانە بابەتەکە بەرەو ئاراستەیەکی سیاسی ببەن، بەڵام ئامانجی شانۆکە تەنیا پیشاندانی دۆخی خراپی ئابووری و بێکاری خەڵک لە شارە سنوورییەکان و پیشاندانی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە پیشەی کۆڵبەری کە پیشەیەکی گونجاو نییە"
حوسێنی هەروەها دەڵێ، ئەم شانۆیە بە بێ هیچ پاڵپشتی مادییەک بۆ ماوەی دوو رۆژ (ێنجشەممە و هەینی ) لە شاری مەریوان نمایشکرا و بڕیارە شانۆکە لە دوو هەفتەی داهاتوودا لە شارەکانی سەقز، سنە و بانەش نمایش بکرێ.
حوسێنی دەڵێت،"براندە نێودەوڵەتییەکانی ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەرەکان دەیگوازنەوە، لە نمایشەکەدا و بەپشتی کۆڵی کۆڵبەرەکانەوە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بتوانرێ ئەم نمایشە و ئامانجەکەی بگات بە گوێی جیهان و رێگەیەکە بۆ جیهانیکردنی شانۆکە"
لە شانۆی (سایلێنت)دا، 90 کەس بەشدارییان لە ئامادەکاری ئەم شانۆیە کردووە کە 25کەسیان ئەکتەرن و 30 کەسیشیان گرووپی موسیقان و هەندێک لە ئەکتەرەکان منداڵی ئەو بنەماڵانەن کە کۆڵبەرن.
مەریوان ساڵانێکە وەک پایتەختی شانۆی سەرشەقام لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێ. لەم بەرهەمەشدا شارەکە لە هۆڵە داخراوەکان دەرچوو و بووە سەکۆیەکی کراوە، تاوەکو لەبەرچاوی ئەو خەڵکەدا نمایش بکرێ کە پرسی کۆڵبەری بەشێکە لە راستی و ژیانی رۆژانەیان.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ 21 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کەوتوون کە 13 کەسیان کوژران و هەشت کەسیشتان بریندار بوون. هەروەها لە ساڵی 2025دا ، 59 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی کە 25 کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 34 کەسیشیان بریندار بوون.


