رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە رێگەی چەند درۆنێکەوە هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە قەزای کۆیە و بەپێی زانیارییەکان هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەک لە نێو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشەکە لە نێوان کاژێر 01:40 بۆ 02:10ـی بەرەبەیان ئەنجام دراوە و تێیدا کەمپەکە بە سێ "درۆنی حەدید" کراوەتە ئامانج.
لەبارەی قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشەشەوە، سەرچاوەکەی حیزبی دیموکرات ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشە درۆنییەکە تەنیا زیانی ماددیی بە شوێنەکە گەیاندووە و هیچ جۆرە زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە بارەی هێرشەکەوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، کاتژمێر 01:40 بۆ 02:10 خولەکی بەیانی رۆژی دووشەممە 28ی ئەیلوولی 2026 بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە، لە دەرئەنجامی هێرشەکاندا "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".



