رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ، ئێستا رووبەری دەریاچەی ورمێ نزیکەی هەزار و 946 کیلومەترە و بەراورد بە پار ئەم کاتەش ئاوێکی زۆری تێدایە.
مەجید رەستگاری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ورمێ، ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "رووبەری دەریاچەی ورمێ هەزار و 946 کیلومەتر،" ئەوە لەکاتێکدایە دوو هەفتە لەمەوبەر دوو هەزار و 70 کیلومەتر بوو.
مەجید رەستگاری گوتی: "قەبارەی ئاوی دەریاچەکە 2 ملیار و 520 ملیۆن مەتر سێجایە. بڕەکە دوو هەفتەی لەمەوبەر دوو ملیار و 670 ملیۆن مەتر سێ جا بوو، واتە 150 ملیۆن مەتر سێجا کەمیکردووە".
رەستگاری دەڵێ، بەڵام هێشتا ئاوی دەریاچەکە بەراورد بە پار زۆرە، بە جۆرێک "قەبارەی ئاوی دەریاچەکە ئەمڕۆ دووشەممە، بەراورد بە هەمان کاتی پار، زیاتر لە 9 بەرامبەرە و ئاستی ئاوەکەش هەزار و 270 مەتر و 58 سانتیمەترە، کە بە بەراورد بە پار زیاتر لە یەک مەتر بەرزترە".
دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە کاتی پڕئاویدا بڕی ئاوەکەی زیاتر لە 32 ملیار مەتر سێجایە و رووبەرەکەیشی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەڵام چەند ساڵێکە ئەو بڕە بەردەوام کەمبووەتەوە.


