رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەرمی کەسێکی بیانی بە شێواوی دۆزرایەوە کە بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی، زیاتر لە 10 رۆژە گیانی لەدەستداوە و پێدەچێت لە شاخ بەربووبێتەوە.
ئیبراهیم عەزیزنەژاد، بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پیرانشار، ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "تەرمەکە لە ناوچەی شاخاویی 'قزقەپان' دۆزراوەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی سەختی و ناهەمواریی شوێنەکە، پێشبینی دەکرێت لە کاتی پەڕینەوەدا هەڵدێرابێتە خوارەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدابێت."
بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پیرانشار ئاماژەی بەوە کرد، هیچ بەڵگەنامە و ناسنامەیەک لەگەڵ تەرمەکەدا نەبووە و گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 10 رۆژ بەسەر گیانلەدەستدانیدا تێپەڕیوە و تەرمەکەی شێواوە، نەتوانراوە بناسرێتەوە، بۆیە دیاریکردنی ناسنامە و هۆکاری سەرەکیی مردنەکەی پێویستی بە پشکنینی وردی دادپزیشکی هەیە."
بە گوتەی عەزیزنەژاد، تەرمەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە براوەتە ساردخانەی نەخۆشخانەی پیرانشار و دواتریش رەوانەی پەیمانگەی پزیشکیی داد کراوە، هەر کاتێک ئەنجامەکان یەکلایی بوونەوە، زانیاریی زیاتر لەسەر ناسنامەکەی بڵاودەکەنەوە.
شاری پیرانشار کە سەر بە پارێزگای ورمێیە، دەکەوێتە سەر هێڵی سنووریی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان؛ بەهۆی هەڵکەوتە شاخاوییەکەیەوە، ساڵانە رووداوی بەربوونەوە و گیانلەدەستدانی کۆڵبەران و پەنابەران لەو ناوچەیەدا روودەدات.


