رووداو دیجیتاڵ
محەممەد هێمن، ئەو مێرمنداڵەی لە رووداوەکەی رۆژی یەکشەممەی پردێ بێسەروشوێن بوو، بە کوژراویی دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد هێمن ئەو مێرمنداڵەی لە شەڕی نێوان دژەتیرۆر و چەکدارانی داعش لە پردێ بێسەروشوێنبوو، بە کوژراوی دۆزرایەوە.
تەرمەکە دوو رۆژ لە دادپزیشکی نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاریی کەرکووک هەڵگیرابوو و بەهۆی شێواوییەوە نەناسراوەتەوە.
محەممەد هێمن لە کاتی شەڕەکەدا لەنێو کۆگەیەک بووە لە پردێ، خزمێکی محەممەد دەڵێت: "ئەوەندە گولـلەی دۆشکەی پێکەوتووە بەشێکی سەری پێوە نەماوە".
ئەو خزمەی محەممەد هێمن دەڵێت: "بەهۆی جلوبەرگەوە کوڕەکەیان ناسیوەتەوە، ئەگەر نا لەبەر زۆری شێواوی، رووخساری نەدەناسرایەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو، محەممەد لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە کوژراوە.
دژەتیرۆری عێراق دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند، دوو چەکداری داعشیان لە پردێ کوشتووە، بەڵام یەکێک لەوانەی کوژراوە ئەو مێرمنداڵە کوردە بووە.
جگە لە محەممەد هێمن، لە رۆژی شەڕەکەدا منداڵێکی دیکەی کورد کە لە کۆگەکەدا کاری دەکرد، کوژرا.


