رووداو دیجیتاڵ هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایدەگەیێنێت، پرۆسەی چارەسەری بە شێوەیەکی خاو و یەکلایەنە بەڕێوەدەچێت و دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی سیاسی و یاسایی نەناوە؛ جەختیش دەکاتەوە کە سەرکەوتنی پرۆسەکە بەندە بە ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی "میدیا خەبەر"، وەڵامی لێدوانەکانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای دایەوە کە گوتبووی پرۆسەکە باش دەڕوات، و گوتی: "نازانین لەسەر چ بنەمایەک وا دەڵێن؛ بە پێچەوانەوە، پرۆسەکە زۆر قورس و خاوە و تەنیا بە هەنگاوی یەکلایەنە لەلایەن ئێمەوە دەڕوات. دەوڵەت تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی دیموکراتی، سیاسی و یاسایی نەناوە." هاوسەرۆکی کەجەکە رەخنەی لە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری گرت و بە "ناتەواو و پڕ لە دژبەری" ناوزەندی کرد و گوتی: "دەبوو یاساکە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئازادیی کارکردنی بگرێتەوە، چونکە کێشەی کورد سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی پەکەکە و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری بووە." سەبارەت بە رۆڵی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، هۆزات ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە ئۆجەلان لە نێو لیژنەیەکی لاوەکیدا رۆڵی دەبێت و گوتی: "ئۆجەلان رێکخەری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتییە و دوو ساڵە بە کردەوە ئەم کارە دەکات؛ ئێستا پێویستە ئەم رۆڵەی پێگەیەکی یاسایی و فەرمیی پێبدرێت، تاوەکو بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ سیاسەتڤانان، ئەکادیمییەکان و رۆژنامەڤانان دیدار بکات." لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووش، هاوسەرۆکی کەجەکە داوای داڕشتنی دەستوورێکی نوێی بۆ تورکیا کرد، کە دان بە ناسنامەی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکاندا بنێت و سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لە وڵاتەکەدا بچەسپێنێت. ئەم پەیامەی کەجەکە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووەمین کۆبوونەوەی "دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن"ـی سەر بە پەرلەمانی تورکیا، کە رۆژی دووشەممە کرا و تێیدا چوارچێوەی کاری چوار لیژنەی لاوەکی بۆ چاودێریی پرۆسەی چارەسەری دیاریکران.