رووداو دیجیتاڵ
سووتاندنی بەردەوامی کێبڵ، وایەر و پاشماوەی پلاستیکی لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دووکەڵێکی چڕی ژەهراوی دروستکردووە؛ شارەوانی و ژینگەی هەولێر دەڵێن تیمەکانیان لە ئەرکدان و چەند کەسێکیش دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە.
دانیشتووانی گەڕەکەکانی سنووری شەقامی کۆرنیش، راستی، ژین و فەرمانبەران لە هەولێر گلەیی لەوە دەکەن کە شەوانە بەشێک لە کۆکەرەوەکانی مس دەست بە سووتاندنی وایەر دەکەن و تاوەکو بەرەبەیان دووکەڵ و بۆنی ناخۆش دەچێتە نێو ماڵەکانیان.
ماردین محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر کە دونیا تاریک دەبێت، ئاگر لە چەند بەشێکی شەقامی کۆرنیش دەکرێتەوە. ئەو دووکەڵ و بۆنە ژەهراوییە دەڕژێتە نێو ژوورەکانمانەوە و نەخۆشیی تەنگەنەفەسیی بۆ منداڵەکانمان دروستکردووە."
ئارام جەمال، لە گەڕەکی ژین، بە رووداوی گوت: "هەموو شەوێک ماڵمان پڕ دەبێت لە بۆنی سووتانی لاستیک و کێبڵ و تاوەکو بەرەبەیان ناڕەوێتەوە، لەگەڵ ئەو ژەهرەدا خەبەرمان دەبێتەوە و بۆریی هەناسەمان سووتاوە، داوای چارەسەری بەپەلە دەکەین."
سەبارەت بە رێکارەکانی رێگری لەم دیاردەیە، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانمان لە سنووری هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر راسپێردراون بۆ چاودێریکردن و رێگریکردن لەم کارە، لە ماوەی رابردووشدا چەندین کەس لەسەر ئەم کارە نەشیاوە دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر."
ژینگەی هەولێر: 8 کەس دراونەتە دادگە
هەروەها دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە رووداوی گوت: "لە رێگەی تیمەکانی ئاسایش و پۆلیسەوە تاوەکو ئێستا 8 سەرپێچیکارمان دەستگیرکردووە و رادەستی دادگەمان کردوون."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر روونیکردەوە کە رێگریکردنی یەکجارەکی کەمێک سەختە، چونكە ئەوانەی وایەر و کێبڵەکان دەسوتێنن بەردەوام شوێنیان دەگۆڕن. داواشی لە هاونیشتمانییان کرد لە کاتی بینینی هەر رووداوێکی لەو شێوەیەدا، دەستبەجێ ئاگاداریان بکەنەوە تاوەکو تیمەکانیان بگەنە شوێنەکە و سەرپێچیکاران دەستگیر بکەن.



