رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین فێستیڤاڵی فڕۆکەوانی، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیای تورکیا ناسراو بە (تێکنۆفێست)، سبەی لە شاری رووهای باکووری کوردستان دەرگاکانی بەڕووی سەردانکەراندا دەکاتەوە.
فێستیڤاڵەکە لە رووبەرێکی 191 هەزار مەتر دووجا دەکرێتەوە و چەندین چالاکیی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێ، لە پێشبڕکێی تەکنەلۆژییەوە بیگرە تاوەکو نمایشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکان.
تێکنۆفێست تاوەکو ئێستا لە چالاکییەکانی پێشووی خۆیدا میوانداریی نزیکەی 12 ملیۆن سەردانکەری کردووە، لە رووهاش بۆ 5 رۆژ چەندین چالاکیی سەرنجڕاکێش پێشکێش دەکات.
لە فێستیڤاڵەکەدا تیمەکانی نمایشی ئاسمانیی بەناوبانگی تورکیا وەک (سۆلۆتورک) و (ئەستێرەکانی تورک) نمایشی ئاسمانی دەکەن. هەروەها، هێلیکۆپتەر، فرۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دروستکراوی نێوخۆی تورکیا، لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازیی وشکانی و دەریایی نمایش دەکرێن.
جگە لەمانە، چەندین چالاکیی دیکە وەک کۆنسێرت، نمایشی شانۆیی، پێشانگا، وۆرکشۆپی فێرکاری، ئەزموونی شێوەسازی، نمایشی زانستی و پێشانگای ئامێرە سەربازیی دەریایی، وشکانی و ئاسمانی پێشکێش دەکرێ.
زیاتر لە 1 ملیۆن و 600 هەزار پێشبڕکێکار لە 99 وڵاتی جیهانەوە، لەنێویاندا ئەمریکا، فەرەنسا، چین و ژاپۆن، داواکارییان پێشکێش کردووە. لە کۆی 730 هەزار تیمی داواکار، 2 هەزار تیم گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. بڕیارە زیاتر لە 100 ملیۆن لیرەی تورکی وەک پاڵپشتی بەسەر پێشبڕکێکارە سەرکەوتووەکاندا دابەش بکرێت.




