رووداو دیجیتاڵ
دوای شەهیدکردنی دوو گەنجی کورد کە ئەمڕۆ تەرمی یەکێکیان رادەستی ماڵباتەکەی کرایەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێن، پێکەوە بەدوای کەیسەکەدا دەچن. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێ، "تەرمەکە شێوێندراوە."
دوای سێ رۆژ لە رووداوەکەی پردێ، ئەمڕۆ تەرمی محەممەد هێمن، ئەو مێرمنداڵەی لە رووداوەکەدا بێسەروشوێن بوو، رادەستی ماڵباتەکەی کرایەوە.
دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، هەردوو فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجام دا و رایانگەیاند، داوای لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە دەکەن.
لە کۆنفرانسەکەدا حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، "لە ماوەیەکی کورتدا دوو لاوی کورد بوونە قوربانی، بۆیە داوا دەکەین لیژنەیەکی بێلایەن بە وردی لێکۆڵینەوە بکات و هۆکارەکەی و تاوانبارەکەش ئاشکرا بکات."
حەسەن شێخانی گوتی، "دەبوو زۆر ورد چالاکییەکە بکەن، ئەگەر زانیارییان هەبوو، دەبوو لە دەرەوەی دووکانەکە لێیان بدەن، کە بەداخەوە یەکێکیان تەنیا برا بووە و خاوەنی شەش خوشک بووە. ئێمە زۆر بە وردی بەدوای ئەوەدا دەچین، لەگەڵ پارێزگاریش کۆبووینەوە و داوای لێکۆڵینەوەی وردمان کرد."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، داوای لە پارێزگاری کەرکووک کردووە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێ.
محەممەد هێمن ئەو مێرمنداڵەیە کە لە شەڕی نێوان دژەتیرۆر و "چەکدارانی داعش" لە ناحیەی پردێ لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە 27-09-2026 بێسەروشوێن بوو، ئەمڕۆ ئاشکرا بوو کە کوژراوە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "ئێمە لەگەڵ یاساین، بەڵام ئێمە ناڕازین لە چۆنێتی ئەنجامدانی پڕۆسەکە، بۆیە داوامان کردووە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبێت."
عەبدوڵڵا میروەیس ئاماژەی بەوە کرد، "هەوڵ دەدەین رووداوەکان دووبارە نەبنەوە. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکیش دەڵێن ئەوانیش بە وردی ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنە نەبوون، بۆیە رووداوەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کردوویانە. بە هەموو توانایەکمان و لەم پرسانەدا کۆکین و یەک دەنگمان هەیە، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە و لە جیاتی ئەوان بەدوای کەیسەکە دەکەوین بۆ ئەوەی بزانین راستییەکان چین."
محەممەد هێمن لە کاتی شەڕەکەدا لە نێو کۆگەیەک بووە لە پردێ. خزمێکی بە رووداوی گوت، "ئەوەندە گولـلەی دۆشکەی بەر کەوتووە بەشێکی سەری پێوە نەماوە. بەهۆی جلوبەرگەکەیەوە ناسیمانەوە."
دژەتیرۆری عێراق دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند، لە پردێ دوو چەکداری داعشی کوشتووە، بەڵام یەکێک لەوانەی کوژراوە ئەو مێرمنداڵە کوردە بووە و ئەوان بە داعش ناساندوویانە.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت، لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان روونکردنەوەیەک بڵاودەکەنەوە و رایدەگەیێنن، لە رووداوەکەدا "هەڵە کراوە."
ئەحمەد کەرکووکی گوتی، "لە خوێنی گەنجەکانی خۆمان خۆش نابین. چۆن هاوکاری هەموو هێزە ئەمنییەکان دەبین، دەبێت ئەوانیش پارێزەری ژیانمان بن. ئەو گەنجە چۆن بزانێت داعش دەچێتە دووکانەکەیانەوە شتێک دەکڕێ، ئەوان هاتوون بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزگار و بەڕێوەبەری ناحیە و لیژنەی ئەمنی داوایانە بەسەر فرۆشگایەکدا بە دۆشکە و قازیفەوە."
بە گوتەی ئەحمەد کەرکووکی، دوای شەهیدکردنی محەممەد هێمن، هێزە ئەمنییەکانی عێراق "جەستەکەیان شێواندووە، ناسنامەیەکیان خستووەتە گیرفانییەوە [بۆ ئەوەی بڵێن داعشە]، ئەوەش لە کاتێکدا هەر لە سەرەتاوە هەموو هێزە ئەمنییەکانمان تێگەیاند کە ئەو گەنجە لای ئێوەیە یان نا؟ هەر لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە تاوەکو بچووکترین پۆستی هێزە ئەمنییەکان، هەموویان دەیانگوت لای ئێمە نییە، ئێستاش دەڵێن وەرن تەرمەکە ببەنەوە."
حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت، "[هێزە عێراقییەکان] ورد نەبوون لە دیاریکردنی ئامانجەکەیان، دوو کەس گیانیان لەدەست داوە کە گەنج و منداڵن، مادام ئەوان زانیارییان هەبوو، دەبوو لە جێگەیەکی دیکە لێیان بدانایە، نەوەک لە مارکێتێکدا کە خەڵکی تێدایە."
شێخانی گوتی، "داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین لیژنەیەکی ورد بۆ رووداوەکە پێک بهێنێت. بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە، کە دوێنێ رووداوێکی وا روویداوە و ئەمڕۆش ئەوەتا دووبارە دەبێتەوە."
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو چووە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و گوتی، بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەن ئاگاداری رووداوەکە نەبوون و ئەو ئاگاداری کردوونەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک باسی رووداوەکەی کردووە و لە وەڵامدا گوتوویەتی: "هەڵەی گەورە کراوە و دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت."
رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک بە رووداوی گوت، "کارکردن لە دژەتیرۆر تەنیا تەقەکردن نییە، دەبوو ئەوانەی ئەم کارەیان کردووە رەچاوی ئەوەیان بکردایە خەڵکی سڤیلی تێدایە، دەستخۆشییان لێ دەکەین تیرۆریستیان کوشتووە، بەڵام کە دوو گەنجی سڤیل کوژراون، دەبێت لیژنەیەکی باڵا لە بەغداوە پێک بێت و لێکۆڵینەوەی یاسایی بکات."
جگە لە محەممەد هێمن، لە رۆژی شەڕەکەدا 27ی ئەیلوول، منداڵێکی دیکەی کورد کە لە کۆگەکەدا کاری دەکرد، کوژرا.



