رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزێکی دژەتیرۆری عێراق لە ناحیەی پردێ لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامیدا و تێیدا دوو گەنجی کورد کوژران، "شکستخواردوو" بووە. داواش دەکات، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا بکرێ کە بەشدارییان تێدا کردووە و بدرێنە دادگا. ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، هێزەکە "بە شێوەیەکی هەڕەمەکی" تەقەی لە خەڵکی سڤیل کردووە.
لە ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک، ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی موراد و محەممەد. ئەم رووداوە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات ئۆپەراسیۆنەکە بە "شکستخواردووترین ئۆپەراسیۆن" ناودەبات و دەڵێت: "جێگەی قبووڵکردن نییە دەزگایەکی وەک دژەتیرۆر بەو شێوەیە مامەڵە بکات."
مازن غەریب رایگەیاند، "بەداخەوە بۆ ئەم کارەساتەی لە ناحیەی پردێ روویدا. یەکێک لە قوربانییەکان بە هەڵە وەک "تیرۆریست" ناوزەد کراوە و ئەمەش خەمێکی دیکەی بۆ بنەماڵەکەیان زیاد کردووە."
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری جەختی کردەوە کە بۆ بەدواداچوونی یاسایی ئەم کەیسە، پارێزەریان گرتووە و هەوڵی دروستکردنی رای گشتی دەدەن بۆ ئەوەی گوشار لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست بکرێ و گوتی، "ئەمە شکستخواردووترین ئەرکی ئەم دەزگایە بوو. بە هەزاران فیشەکیان بەو شوێنەوە ناوە و نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بابەتەکە بکەن."
بە گوتەی مازن غەریب، هێزە ئەمنییەکە "بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە دوکانەکە و لە خەڵک کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی ئۆپەراسیۆنەکە لەنێو بازاڕێکی قەرەباڵخدا ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئەو دوو چەکدارە بۆ مانگێک بووە لەژێر چاودێریدا بوون. مازن غەریب روونیکردەوە: "دەبوایە رێگەیان بدایە بگەڕێنەوە بۆ مۆڵگەکانیان لەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەن، ئینجا مامەڵەیان لەگەڵ بکردایە، نەوەک لەنێو خەڵکی سڤیلدا."
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد کە هێزەکە "فەوجێکی دەزگای دژەتیرۆر بووە کە بە فەرمانێکی کتوپڕ هاتوون و ئەم ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجامداوە؛" داوای کرد "هەموو ئەو کەسانەی کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشداربوون، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێ و بچنە دادگا."
مازن غەریب ئاماژەی بە بوونی بۆشایی ئەمنی لە سنووری کەرکووک و ناوچەکانی دیکە کرد و گوتی: "لە ناوچەی قەرەحەسەن و دەوروبەری، چەکدارانی داعش مۆڵگەیان هەیە و سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەردەگرن. چەندین جار داوامان کردووە هێزی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە دابمەزرێ، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامدانەوەیەک نەبووە."
پەرلەمانتارەکە داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، ئەم بابەتە "بە هەند وەربگرێ" و رێگە نەدات چی دیکە ئەو بۆشاییانە بمێننەوە، چونکە بوونەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
سەبارەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و توانای هێزە عێراقییەکان بۆ پاراستنی ئاسایش، مازن غەریب گومانی خۆی لە توانای عێراق بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکە نیشاندا و گوتی: "پێم وانییە عێراق بتوانێت ئاسمانەکەی بپارێزێ." بەڵام لەسەر ئاستی زەمینی، پێیوابوو کە "ئەگەر هاوئاهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمدا بکرێ، دەتوانرێ کۆنترۆڵی زۆربەی کێشە ئەمنییەکان بکرێ."
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، زۆرترین جموجووڵی چەکدارانی داعش لە سنوورەکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالەیە، کە هەمان ئەو ناوچانەن کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە و رایگەیاند: : "پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بە هاوئاهەنگی دەکرێت."
مازن غەریب ئاشکرای کرد کە لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی کردووە و لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە، بەڵام "چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەن لە وەزارەتی داراییەوە."


