رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، 29ی ئەیلوولی 2026، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق میوانداریی بەلیغ ئەبو گەلەل، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی کرد لەبارەی کێشەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم. بەگوێرەی ئەندامێکی لیژنەکە، رێککەوتن کراوە تاوەکو مانگێکی دیکە رێکارەکان دژی کۆڕەک رابگیرێن و وەک نیازپاکی، کۆمپانیاکە 500 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری دەستەکە.
دوای کۆبوونەوەکە، بەلیغ ئەبو گەلەل، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، قسەی بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند: "هەڵوێستی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق تاوەکو ئێستا نەگۆڕە و وەک خۆیەتی. ئەگەر کۆمپانیای کۆڕەک ئەستۆپاکی باج و حیساباتی لە حکومەتی فیدراڵی نەکات و بەشێک لە داواکارییەکانی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن جێبەجێ نەکات کە زیاتر لە 2 تریلیۆن دیناری لەسەرە، ناکرێ جارێکی دیکە دەرفەتی کارکردنی پێبدرێتەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو 2 تریلیۆن دینارە جگە لە باجە، بەلیغ ئەبو گەلەل گوتی: "بەڵێ، ئەمە جگە لە باجە. بۆ ئەوەی کۆڕەک جارێکی دیکە دەست بەکار بکاتەوە، پێویستە ئەستۆپاکی باج بکات و بەشێک لە قەرزەکانی بداتەوە و بیخاتە سەر هەژماری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق وەک دەربڕینی نیازپاکی، تاوەکو ئێمەش چاو بە کارکردنیدا بخشێنینەوە."
بەلیغ ئەبو گەلەل لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی: "دانەوەی قەرزەکان دەکەوێتە سەر کۆڕەک. ئەگەر ئەمڕۆ ئامادە بێت بیدات، ئێمەش ئەمڕۆ ئامادەین بۆ وەڵامدانەوە. بە راشکاوی کۆڕەک لەلایەن حکومەتی عێراق و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە داواکراوە. کۆمپانیای هاوشێوەی کۆڕەک هەن و کار دەکەن و کێشەی لەم شێوەیەیان نییە. راستیی کێشەکە ئەوەیە کە کۆڕەک قەرزی حکومەتی فیدراڵی لەسەرە."
هەر لەو بارەیەوە محەممەد ئەبولعیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆڕەک نزیکەی 2 تریلیۆن دینار قەرزدارە. یەک مانگ مۆڵەت دراوە بۆ ئەوەی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لەم ماوەیەدا پێویستە کۆڕەک وەک نیازپاکی 500 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری دەستەی راگەیاندن و گەیاندن."
ئەو ئەندامەی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەش کرد، راگرتنی کۆڕەک هیچ سوودێکی نییە و لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە، چونکە نزیکەی 7 ملیۆن هاوبەشی هەیە و دەبێت رەچاویان بکرێ و بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاو بگیرێ. ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری کرد: "ئەگەر کۆڕەک رابگیرێ و ئەو پارەیە نەداتەوە، چ سوودێکی هەیە؟ با سەرەتا ئەو 500 ملیارە بدات، کە داهاتێکە و دەچێتە گەنجینەی دەوڵەت."
هاوکات عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 27ی مانگی رابردوو میوانداریی کۆمپانیای کۆڕەکمان کرد. کۆمەڵێک بەڵگەنامەیان پێشکێش کرد. رۆژی 22ی مانگ لیژنەکە بە بڕیارێک دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی ئاگادار کردەوە کە رێکارەکانی دژی کۆڕەک رابگرێ تاوەکو چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە."
عەلی شێخ خاڵس، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، رایگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەکەمان میوانداریی بەلیغ ئەبو گەلەل، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی کرد و رێککەوتن کرا کە دەستەکە رێکارەکانی دژی کۆڕەک رابگرێ تاوەکو دەگەنە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، دۆسیەی باجی کۆمپانیای کۆڕەک لە هەولێرە و ئەستۆپاکی ساڵی 2025ی لە هەولێر کردووە، بەڵام دەستەی راگەیاندن و گەیاندن دەڵێت دەبێت ئەستۆپاکی لە بەغدا بکرێت. لەسەر ئەو بنەمایە، بڕیارە لیژنەکەیان بانگهێشتی دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق و بەڕێوەبەری باجی هەولێر بکات بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکە.


