رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تراژیدیدا لە ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک، دوو مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی محەممەد هێمن و موراد زانا، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق دا لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دوو چەکداری داعش، کوژران. کەسوکاری یەکێک لە دوو مێرمنداڵە کوژراوەکان و بەرپرسانی ناوچەکە، هێزە ئەمنییەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی شاردنەوەی "هەڵەیەکی کوشندە"یان داوە لە رێگەی دانانی ناسنامەیەکی ساختەی داعش لە گیرفانی یەکێک لە مێرمنداڵە کوژراوەکان.
مامی محەممەد: وەک چەکدارێکی داعش ناساندبوویان
حەکیم رەحمان، مامی محەممەد هێمن کە تەمەنی تەنها 15 ساڵ بوو و تاقانەی 6 خوشک بوو، بە وردی لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو باسی رووداوەکەی کرد. بە گوتەی ئەو، رۆژی 27ی ئەیلوول، "دوو چەکداری داعش کە تەنها دەمانچەیان پێبووە، چوونەتە نێو کۆگایەکی بازرگانی لە سەنتەری پردێ، کە خاوەندارێتیی بۆ براکەی دەگەڕێتەوە؛ هێزێکی گەورەی دژەتیرۆری عێراق، کە نزیکەی 25 ئۆتۆمبێلی سەربازیی هەمەر بوون، بەدوایاندا بوون و بەبێ ئاگادارکردنەوە دەستیان بە تەقەیەکی هەڕەمەکی کردووە لە کۆگاکە."
مامی محەممەد باسی لەوە کرد، "کرێکارەکانی نێو کۆگاکە هاواریان کردووە کە ئەوان مەدەنین، بەڵام گوێیان پێنەدراوە." دوای رووداوەکە، محەممەد هێمن بێسەروشوێن بوو. مامی دەڵێت، "دژەتیرۆر تەرمەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو. ئێمە وامانزانی زیندووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن."
کاتێک خێزانەکەی بۆ دۆزینەوەی رۆڵەکەیان سەردانی دادپزیشکیی کەرکووکیان کردووە، رووبەڕووی رەتکردنەوە و تووڕەیی بوونەتەوە. دواتر دەرکەوت کە دژەتیرۆری عێراق ناسنامەیەکی ساختەی داعشیان خستووەتە گیرفانی محەممەدەوە، بۆئەوەی وەک چەکدارێکی داعش بیناسێنن. حەکیم رەحمان دەڵێت، "بۆئەوەی هەڵەی خۆیان بشارنەوە، ئەو کارەیان کرد. تەنانەت لەسەر تەرمەکەش ناوی داعشیان نووسیبوو."
تەرمی محەممەد هێمن بە شێوەیەکی زۆر تووند شێوێندرابوو؛ مامی دەڵێت، "بەهۆی فانیلە و شۆرتەکەی و خاڵێکی لەشیەوە ناسیمانەوە. کەڵکی ئەوەی نەمابوو تەنانەت بشۆردرێت یان دایکی بیبینێت."
بنەماڵەی محەممەد هێمن سکاڵای یاسایی لەسەر هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق تۆمار دەکەن، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو هێزە بکات و سزای ئەنجامدەرانی بدات.
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ: لوولەی دۆشکەیان لێکردم و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردم
موتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، کە لەکاتی رووداوەکەدا لە نزیک شوێنەکە بووە، لە (بەرپرسیار) پشتڕاستی کردەوە کە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە پێنەگەیشتووە. ئەو دەڵێت، کاتێک ویستوویەتی وەک بەرپرسی یەکەمی ئیداریی ناوچەکە لە رووداوەکە نزیکببێتەوە، رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە.
موتەلیب نەجمەدین گوتیشی، "لە ماڵ دەرچووم بە مەبەستی کۆبوونەوەیەک لە کەرکووک، کە گەیشتمە نزیک رووداوەکە، بینیم هێزێکی زۆر بە هەڕەمەکی تەقە دەکەن. کاتێک چوومە پێشەوە، دژەتیرۆر لوولەی دۆشکەیان بۆ سووڕاندم. هاوارم کرد و گوتم، من بەڕێوەبەری ناحیەم، بەڵام باوەڕیان نەدەکرد تاوەکو کەسێک لە نزیکیانەوە ناسیمیەوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی دیکەی ناوچەکە، وەک پۆلیس و هەواڵگری، لەلایەن دژەتیرۆرەوە دوورخراونەتەوە و رێگەیان پێنەدراوە لە ئۆپەراسیۆنەکە نزیک ببنەوە.
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە (بەرپرسیار) ئۆپەراسیۆنەکەی پردێ بە "گەورەترین شکستی پرۆسەیەکی ئەمنی" وەسف کرد و رایگەیاند، تەنانەت پارێزگاری کەرکووکیش ئاگاداری نەبووە.
ئەو دەڵێت، "ئەوەی روویدا شەرمەزارییە بۆ ئەو دەزگا ئەمنییە. ناتوانین بڵێین بە ئەنقەست بووە، بەڵام هەڵەیەکی سەربازیی گەورەیە کە ناکرێت رووبدات."
د. ئەحمەد کەرکووکی ئاشکرای دەکات، نوێنەری دژەتیرۆری عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا "دانی بەوەدا ناوە ناسنامەکە بە هەڵە خراوەتە گیرفانی محەممەدەوە." بە گوتەی ئەو نوێنەرە، "لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارەکاندا جزدانێک لە گیرفانی یەکێک لە چەکدارەکان کەوتووە و دوو ناسنامەی لێ بەربووەتەوە، دوای کوژرانی چەکدارەکە، ئەفسەرێکی دژەتیرۆریش بە هەڕەمەکی ناسنامەکان بەسەر تەرمەکاندا دابەش دەکات، کە یەکێک لەو تەرمانەی لەوێ کەوتووە محەممەد بووە.گوتوویەتی: من نەمناسییەوە و بەشێکی زۆری کەلەی سەری نەمابوو."
دوای هەوڵێکی زۆر، لەلایەن کەسوکاری قوربانییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە، پارێزگاری کەرکووک دەزگای شەهیدانی راسپاردووە، هەردوو گەنجە کوژراوەکە، محەممەد و موراد، بە شەهید هەژمار بکرێن و تۆمەتی داعشبوونیان لەسەر لاببرێت. کەسوکاری محەممەدیش لە دادگەی پردێ سکاڵایان لەسەر دژەتیرۆری عێراق تۆمار کرد و داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن، لێپرسینەوە لەو هێزە بکرێت.

