رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو رۆژ لە کوژرانی لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە پردێ، تەرمی محەممەد هێمن رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە، کە پێشتر بە چەکدارێکی داعشیان ناساندبوو.
کەسوکاری محەممەد هێمن، لەبەردەم پزیشکی دادی کەرکووک کۆبوونەوە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان. دوای دوو رۆژ لە رووبەڕووبوونەوەی دژەتیرۆر لەگەڵ چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی پردێ، دەرکەوت یەکێک لەو تەرمانەی دژەتیرۆر بە چەکدارێکی داعشیان ناساندبوو، تەرمی محەممەد هێمن، کوڕی خاوەنی ئەو کۆگایەیە کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا کرابوو.
تەرمەکە بەهۆی سەختیی پێکدادانەکەوە شێوابوو و لایەکی سەری نەمابوو، بەڵام کەسوکارەکەی لە رێگەی نیشانەیەک لەسەر قۆڵی، تەرمەکەیان ناسییەوە. دژەتیرۆر لەکاتی هێنانی تەرمەکە بۆ پزیشکی دادی، ناسنامەی چەکدارێکی داعشیان بە ناوی "مەحمود ئەلعەلی" لەگەڵ تەرمەکە دانابوو.
لیمۆ رەحمان، پوری محەممەد بە رووداوی گوت، "ئێمە نەمانزانی، دژەتیرۆر دەیانگوت تەرمی داعشەکەیە. ئەمڕۆ پێیان گوتین وەرن سەیری تەرمەکە بکەن. هاتووین و پێمان دەڵێن کوڕەکەتان تیرۆریستە."
سەلیم رەحمان، مامی محەممەدیش گوتی، "بە دۆشکە لێیانداوە، سەری لێبووەتەوە و بەو خاڵەی سەر قۆڵی ناسیمانەوە."
لەسەر کوشتنی دوو گەنجی کورد لەو رووداوەدا، لایەنە کوردستانییەکان داوای روونکردنەوەیان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و دژەتیرۆر کردووە. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە.
رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک گوتی، "دژەتیرۆر و کارکردن دژی تیرۆر تەنیا تەقەکردن نییە. دەبوو ئەو برادەرانەی ئەم کارەیان کردووە وریابوونایە. ئێمە لەگەڵ هەموو کارێکین دژ بە تیرۆر بکرێت، بەڵام لە شوێنێک کە خەڵکی سڤیلی لێبێت، دەبێت رەچاوی بارودۆخەکە بکرێت."
تەرمی محەممەد هێمن دوای وەرگرتنەوەی، برایەوە ماڵی خۆیان بۆ ئەوەی دایکی و شەش خوشکەکەی بۆ دواجار ماڵئاوایی لێبکەن، دواتر لە گۆڕستانی رەحیماوا لە کەرکووک بەخاک سپێردرا.

