رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان، عێراقی خستووەتە بەردەم "تاقیکردنەوەیەکی زۆر گرنگ" و قۆناخێکی نوێی سیاسی، سەربازی و نێودەوڵەتی. جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاڵنگاریی سەرەکیی بەردەم عێراق، چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە هەڕەشە لە سەروەریی وڵات دەکەن و دەڵێت، "دەبێ ئەمجارەیان عێراق متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێتەوە، ئەگەرنا دەبێتە وڵاتێکی پەراوێزخراو."
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق ئاهەنگ بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان دەگێڕێت و خۆی وەک هێزێکی گەورە لە ناوچەکە بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاوی نمایش دەکات. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، "ئایا عێراق دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بە قازانجی پرۆسەی دیموکراسی و کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە بەکاربهێنێت و سەروەرییەکی تەواو بەدەستبهێنێت؟"
قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لەوە کرد، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، عێراق "دەست بە قۆناخێکی نوێ دەکات لەگەڵ ئەمریکا." ئەم قۆناخە نوێیە تەنیا لە بواری سەربازیدا نابێت، بەڵکو بوارەکانی ئابووری و بازرگانیش دەگرێتەوە. وەک خۆی دەڵێت، ئەمە "بە هاتنی کۆمپانیاکانی نەوت و بوارەکانی دیکەی بازرگانی" بۆ عێراق دەبێت.
جگە لە بواری ئابووری، پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی هەواڵگری و لۆجیستیش بەردەوام دەبن. هەرێم کەمال ئاغا روونیکردەوە، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، بەتایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان، ئەمەش پشتیوانییەک دەبێت بۆ عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش."
ئاڵنگاریی گرووپە چەکدارەکان
بە بڕوای هەرێم کەمال ئاغا، مەترسیی سەرەکی لەسەر عێراق لە ئێستادا داعش نییە، چونکە وەک گوتی، "داعش ئەمڕۆ بە شێوەیەکی حەقیقی لەسەر زەوی نەماوە و هیچ خاڵێکی لە عێراق بەدەستەوە نییە و ئەو هێزەی نییە کە بتوانێت رووبەڕووی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە ببێتەوە."
بەڵکو، ئاڵنگارییە گەورەکە ئەو گرووپە چەکدارانەن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن. ئەو گوتی، "پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا عێراق دەتوانێت بەرامبەر ئەو گرووپە چەکدارانە بوەستێتەوە کە رۆژانە هەڕەشە لە حکومەت دەکەن؟ ئەوان باڵیۆزخانەکان، فڕۆکەخانەکان و هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆکارێک بۆ هێنانی هێزی بیانی و کردنی وڵاتانی دراوسێ بە ئامانج."
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوە ئەوە بووە کە "دەبێت چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بێت و سەروەریی عێراق و باڵیۆزخانەکان پارێزراو بن."
تاقیکردنەوەی حکومەتی عێراق
هەرێم کەمال ئاغا ئاشکرای کرد، حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە. ئەو باسی لەوە کرد کە سەرۆکوەزیران گوتوویەتی، "بە گیانی خۆشم ئامادەم ئەمە جێبەجێ بکەم." ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک "بووەتە بابەتێکی حەتمی لای حکومەت و زۆربەی هێزە سیاسییەکان."
بەپێی قسەکانی ئەو، لەگەڵ دەستپێکی مانگی ئۆکتۆبەر، پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو گرووپانە دەستپێدەکات بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن. ئەم پرۆسەیە بە دوو قۆناخدا تێدەپەڕێت: قۆناخی یەکەم تاوەکو کۆتایی ساڵ بۆ گفتوگۆ و سەرژمێریکردنی چەکەکان، و قۆناخی دووەمیش تاوەکو حوزەیرانی داهاتوو بۆ کۆتاییهێنان بەم دیاردەیە.
هەرێم کەمال ئاغا هۆشداریدا و گوتی، "ئەگەر عێراق لەم قۆناخەدا سەرکەوتوو نەبێت و نەتوانێت متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی بەدەستبهێنێتەوە، ئەوا دەبێتە وڵاتێکی پەراوێزخراو و پاشکەوتوو لە ناوچەکەدا." ئەو دووپاتیکردەوە کە سەرکەوتن لەم ئەرکەدا، رێگە بۆ گەڕانەوەی متمانە و هاتنی وەبەرهێنانی بیانی خۆش دەکات و عێراق لە مەترسیی بوون بە گۆڕەپانی ململانێی دەرەکی دەپارێزێت.


