رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکانی ئەو 10 شارەوانییەی باکووری کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە قەییومیان لەسەر دانراوە لە شاری مێردین کۆبوونەوە. ئەحمەد تورک لەبارەی پرۆسەی نوێی سیاسی لە تورکیا رایگەیاند، دەمانەوێت پرۆسەکە ببێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی و پێویستە لە پەرلەمان زەوینەی یاسایی بۆ ئامادە بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، هاوسەرۆکانی 10 شارەوانیی دەم پارتی لە بارەگای پارتەکە لە مێردین کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتی دانانی قەییوم لە شوێنەکانیان و پاشان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد.
"قەییوم واتە زەوتکردنی ئیرادەی گەل"
ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی مێردین، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە دا رەخنەی توندی لە دانانی سەرپەرشتیارە حکومییەکان گرت و گوتی: "قەییوم واتە تاڵان، گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل. ئێمە نەک تەنیا لەبەر گەندەڵییەکان، بەڵکو لەبەرئەوەی ئیرادەی گەلەکەمان زەوت دەکات، بە توندی سەرکۆنەی ئەم سیاسەتە دەکەین."
ئەحمەد تورک داوای هەڵوێستی هاوبەشی لە خەڵک، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم لایەنگرانی دیموکراسی کرد بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانە دا جێبەجێ بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، ئەحمەد تورک باسی لە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد کرد و رایگەیاند، دەستپێشخەرییەکەی ساڵی 2024ـی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ تەوقەکردن لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی، دەرگەی بەڕووی قۆناخێکی نوێ دا کردەوە.
تورک ئاماژەی بەوە کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی بۆ سەرخستنی ئاشتی جێبەجێ کردووە و گوتیشی: "پرۆسەیەک بەڕێوەدەچێت کە بۆ ئێمە زۆر بەنرخە. داواکاریی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە ببێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی، بۆ ئەمەش دەبێت زەوینەی یاسایی ئامادە بکرێت."
هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین جەختی لەوە کردەوە کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان، پێویستە دەسەڵات کار لەسەر رێکخستنی یاسایی بکات و گوتی: "ئێمە، پارتەکەمان و بەڕێز ئۆجەلان تاوەکو کۆتایی لەسەر داواکارییە یاساییەکان سوورین، بە ئارامییەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین و پشتگیریی لێ دەکەین."



