رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی باڵا کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی رۆژی یەکشەممەی پردێ پێکهێندراوە، گەیشتە کەرکووک و لەگەڵ کەسوکاری قوربانییان و بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری کۆبووەوە. لیژنەکە بەڵێنی سزادانی "کەمتەرخەمان" و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی داوە.
لیژنەکە کە لە سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆر، بەڕێوەبەری هەواڵگریی عێراق و نوێنەری سەرۆک ئەرکانی سوپا پێکدێت، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ هێزەکەی دژەتیرۆر کردووە و گوتەی شایەتحاڵان و دەزگا ئەمنییەکانی وەرگرتووە.
هێمن رەحمان، باوکی محەممەد کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا و کۆگاکەی زیانی بەرکەوت، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەکە رایگەیاند: "هەرچی لە دڵم بوو پێم گوتوون." گوتیشی: "پێیانم گوت، ئەگەر بە خۆمیان بگوتایە داعشێک لەنێو دوکانەکەتە، هەردووکیانم قۆڵبەست دەکرد و دەمدایە دەستیان. ئەوەی لە دڵم بووە پێم گوتوون و ئەوانیش دەڵێن تا کۆتایی لەگەڵتان دەبین و ناهێڵین بەفیڕۆ بڕوات."
سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەکە، دەزگای دژەتیرۆری عێراق هێشتا ئەو بڵاوکراوەیەی لە پەیجی فەرمی خۆی لانەبردووە کە تێیدا تەرمی محەممەد هێمن وەک چەکدارێکی داعش ناسێندراوە، ئەمەش نیگەرانیی لای خەڵک دروستکردووە.
عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ رایگەیاند، لیژنەکە کاریگەر بوون بە رووداوەکە و گوتوویانە: "ناهێڵین مافیان بەفیڕۆ بڕوات، مافی خۆیان وەردەگرن و بە شەهید هەژمار دەکرێن و قەرەبوو دەکرێنەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە هاونیشتمانییان گومانیان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەیە.
شەلال عەبدول، قایمقامی پێشووی خورماتوو دەڵێت: "بەداخەوە هیچ ئومێدێکم نییە ئەو لیژنەیەی هاتووە بتوانێت چارەسەری بکات یان راستیی رووداوەکان بخاتەڕوو."
لە رووداوەکەی پردێ، جگە لە گیانلەدەستدانی محەممەد هێمن، کۆگایەک، 4 خانوو و 3 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دیاری نەکراوە.


