رووداو دیجیتاڵ دەستەواژەی "ئێرە یەریڤانە، یەریڤان هەواڵ دەدات" کە ساڵانێکی زۆر لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا لە ماڵی هەر کوردێکدا دەنگی دەدایەوە، بە گوتەی بەڕێوەبەری ئێستای رادیۆکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و رۆژانە بەرهەمەکانی پێشکەشی گوێگرانی دەکات. تیتالێ کەرەمی سەیاد، بەڕێوەبەری بەشی کوردیی رادیۆی یەریڤان و کوڕی بێژەری دێرین و ناوداری کورد کەرەمی سەیاد، لە هەڤپەیڤینێکدا کە کامیز شەدادی، لە شەقامێکی گشتیی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لەگەڵی کردووە، باس لە دۆخی ئێستای بەشی کوردیی رادیۆکە و چاپەمەنییە کوردییەکان لە ئەرمینیا دەکات. کەمبوونەوەی کاتی پەخش تیتال کەرەم ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر رۆژانە بۆ ماوەی کاژێر و نیوێک پەخشی کوردییان هەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا کاتەکەی بۆ 30 خولەک کەمکراوەتەوە. گوتیشی: "هەموو رۆژێک بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو جگە لە هەواڵ، بابەتەکانی (ئەدەبیات، زمانی دایک، مێژووی کورد و کوردستان) پێشکەش دەکەین. هەروەها خاوەنی گەنجینەیەکی دەوڵەمەندین کە لە نزیکەی 40 بۆ 50 بەرهەمی شانۆیی رادیۆیی پێکدێت و سەرمایەیەکی زێڕینن بۆ ئێمە." بەڕێوەبەری بەشی کوردیی رادیۆی یەریڤان روونیکردەوە کە هێشتاش بەشی زۆری مۆسیقای رادیۆکەیان گۆرانییە کلاسیک و نەمرەکانی وەک هی (شەڕۆی برۆ، کاراپێتێ خاچۆ و فاتمە عیسا)ـیە، چونکە بە گوتەی ئەو، "زۆربەی گوێگرانمان بۆ نۆستالژیا و یادەوەرییەکان دەگەڕێنەوە بۆ لای دەنگی یەریڤان." رۆڵی کەرەمی سەیاد لە مانەوەی رادیۆکە سەبارەت بە ستافی رادیۆکە، تیتال گوتی: "پێشتر لە سەردەمی سۆڤیەت 14 کارمەندمان هەبوو، بەڵام لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا هەموویان رۆیشتن و مەترسیی داخرانی تەواوەتی لەسەر رادیۆکە دروستبوو. ئەوکات باوکم، خوالێخۆشبوو کەرەمی سەیاد، بە تەنیا بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ و نەیهێشت رادیۆکە دابخرێت. ئێستاش من و گوڵیزار و لەیلا سێ کارمەندین کە کارەکان بەڕێوەدەبەین." لەبارەی هەوڵەکانی جیاکردنەوەی زمانی ئێزدی لە کوردی لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، تیتال گوتی: "ئەوکات هەندێک کەس پەیدابوون و گوتیان زمان و نەتەوەیەکی جیاوازین، دەوڵەتی ئەرمینیاش بەشێکی دیکەی بۆ کردنەوە، لە کاتێکدا ئێمە هەموومان کورمانجین، ئێمە دەڵێین 'ئاو' و 'نان'، ئەوانیش هەمان شت دەڵێن، تەنیا جیاوازی ئەوەیە ئەوان ناڵێن 'یەریڤان هەواڵ دەدات'." رۆژنامەی "رێیا تەزە" بەردەوامە لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، تیتالێ کەرەمی سەیاد رەتیکردەوە کە رۆژنامەی مێژوویی "رێیا تەزە" داخرا بێت و رایگەیاند: "ئەو رۆژنامەیە کە لە ساڵی 1930ـەوە دەردەچێت و کۆنترین رۆژنامەی کوردییە، تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. پێشتر مانگانە هەشت ژمارەی لێ دەردەچوو، بەڵام ئێستا مانگانە یەک ژمارەی بە رەنگاوڕەنگی لێ چاپ دەکرێت و بەشەکانی تایبەتن بە هەواڵی گرنگی کورد لە سەرتاسەری جیهان و بابەتە ئەدەبی و کولتوورییەکان."
کوردستان30-09-2026لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی پردێ: کەمتەرخەمان سزا دەدرێن و زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە