رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش سەربازگەی کەیوانیان لە پارێزگەی کەرکووک چۆڵکرد و رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان کردەوە، کە دوای سەربازگەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار، بە دووەم گەورەترین سەربازگەی هاوپەیمانان لە عێراق ئەژمار دەکرا.
لیوا مەعن سەعدی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانان هاوکاریی زۆریان پێشکەش کردووین، بەتایبەت لە بواری پشتیوانیی ئاسمانی و زانیاریی هەواڵگریدا. ئێستا هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی عێراق بوونەتە جێگرەوەیان و ئەركەكانیان گرتووەتە دەست."
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کاتێکدایە کە بوونی چەکی کۆنتڕۆڵنەکراو و هێزی سەربازی لە دەرەوەی یاسا و فەرمانی حکومەت بە مەترسییەکی جدی دادەنرێت. هەروەها، زیاتر لە 500 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە.
رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند: "لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە ناوچەکانی ماددەی 140ن، مایەی دڵخۆشییە ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکەوە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن و بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ بکەنەوە."
ئێستا لە پارێزگەی کەرکووک پۆلێک لە سوپای عێراق و پێنج جۆر هێزی ئەمنی و سەربازیی جیاواز بڵاوەیان پێکراوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی داعش کۆتاییان نەهاتووە و جموجۆڵی چەکدارانی ئەو رێکخراوە لە ناوچەکانی دۆڵی شای، چیای حەمرین و کانی دۆمەڵان بەدی دەکرێت.

