رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، مانگی رابردوو بە 23 درۆن و شەش مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە 18 درۆن و یەک مووشەک سنووری هەولێر، چوار درۆن و پێنج مووشەک بۆ سنووری سلێمانی بوونە و یەک مووشەکیش لە سنووری هەڵەبجە کەوتە خوارەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە لە 28ـی شوبات تاوەکو ئەمڕۆ پێنجشەمم بە 1012 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەست داوە و 156 کەسیش بریندار بوون.
نوێترین هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوودا:
- شەوی 30ـی ئەیلوول، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادیی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- 28-09-2026 بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە لە پارێزگای هەولێر. دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە.
- 24ـی ئەیلوول، بە سێ درۆن ناوچەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر هێرشی کرایە سەر.
- 15ـی ئەیلوول بە درۆنێک و مووشەکێک هەردوو ناوچەی بانگە و زڕگوێزەڵە لە سنووری سلێمانی کرانە ئامانج.
- 15ـی ئەیلوول بە درۆن هێرشکرایە سەر پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە سنووری پارێزگای هەولێر و حیزبەکە رایگەیاند، زیانیان نەبووە.
15ـی ئەیلوول، بە درۆنێک هێرشێک کرایە سەر گوندێکی سنووری قەزای رواندز لە پارێزگای هەولێر، هێرشەکە زیانی ماددی لێکەوتەوە.
14ـی ئەیلوول، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە پێنج مووشەک هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، سێ مووشەک بۆ زڕگوێزەڵە لە سلێمانی، مووشەکێک لە نێوان گوندەکانی داری زاین و میراسی خواروو لە قەرەداغ کەوتووەتە خوارەوە و مووشەکێکیش لە نزیک گوندی گورگەچیا لە ناحیەی سیروان لە پارێزگای هەڵەبجە کەوتووەتە خوارەوە و "هیچیان زیانیان نەبووە".
2ـی ئەیلوول دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، "هێزەکانی هاوپەیمانان 10 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە سنووری ئاسمانی پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستنە خوارەوە؛ زیانی گیانیان نەبوو".
7ـی ئەیلوول، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی. ئاسایش رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، مانگی هەشتی ئەم ساڵ بە 22 درۆن و مووشەک هێرش کرابووە سەر هەرێمی کوردستان، مانگی حەوت بە 88 درۆن و مووشەک و مانگی شەش بە 16 درۆن و مووشەک هێرش کرابووە سەر هەرێمی کوردستان.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 01-10-2026 هەرێمی کوردستان بە 1012 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 694 هێرش
- پارێزگای سلێمانی: 282 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: پێنج هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 32 کەس گیانیان لەدەست داوە لەنێویاندا حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهید کران؛ 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. دووانەکەی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا و سەربازێکی ئەمریکا بوون کە لە هەولێر شەهید بوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێک لە بریندارەکان بریتین لە 29 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، سێ کەس لە هێرشەکەی تاسڵوجە لە سلێمانی و یەک پۆلیس.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکەش پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.



