رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بڕیاردراوە بنکەی سەربازیی باشیک-زێلکان بە شێوەیەکی قۆناخبەندی رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-10-2026 زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا، دوایین زانیارییەکانی لەبارەی چالاکییەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان بڵاوکردەوە.
بنکەی باشیک-زێلکان لە عێراق
لەبارەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "بڕیاردراوە بنکەی باشیک-زێلکان، کە لە ساڵی 2015وە لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی عێراق لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەکاردەهێندرا، ب ەشێوەیەکی قۆناخبەندی و بەپێی میکانیزم و خشتەیەکی کاتی، کە هەردوولا لەسەری رێککەوتوون، رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکرێتەوە."
بەپێی گوتەکانی ئاکتورک، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو پێشکەوتنەدا دێت کە حکومەتی ناوەندیی عێراق لە رێکارە ئەمنییەکانی لە شنگال بەدەستیهێناوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتیشی، "وەک دوێنێ، ئەمڕۆش لەگەڵ عێراقی دراوسێی دەبێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە،" پلانیشیان هەیە لە قۆناخی داهاتوودا هەنگاوی زیاتر بۆ برەودان بە هاریکاریی سەربازی و ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بنێن.
بنکەی سەربازیی باشیک-زێلکان لە ساڵی 2015 لەسەر داوای بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان بۆ راهێنان بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بۆ شەڕی دژی داعش دامەزرا. بوونی ئەم بنکەیە لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە جێگەی ناکۆکی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە، حکومەتی عێراق چەندین جار داوای چۆڵکردنی کردووە.
بنکەکە لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جار بە مووشەک و درۆن لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەزانن بۆردوومان کراوە.
بڕیاری رادەستکردنەوەی بنکەکە دوای زنجیرەیەک سەردان و گفتوگۆی دیپلۆماسیی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات دێت، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە، کە تێیدا رێککەوتنی ستراتیژیی نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا.



