رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی ساڵێکە پێنج گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا چوونەتە لیبیا و دووانیان بران، برایەکیان دەڵێت، زیاتر لە شەش مانگە چارەنووسیان نادیارە.
هیوا ئەحمەد دوو برای لەنێو ئەو پێنج کەسەدان کە بێسەروشوێنن و ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرووپەکە لە 9ـی مانگی 10ـی ساڵی 2025ـەوە چوونەتە لیبیا، پەیوەندییان هەبووە تاوەکو 13ـی ئاداری ئەم ساڵ و لەو کاتەوە هیچ دەنگیان نەماوە".
ناسنامەی گەنجەکان:
- ئەنەس ئەحمەد حەمەد، لەدایکبووی: 01-11-2005
- عەبدوڵڵا ئەحمەد حەمەد، لەدایکبووی: 07-06-2004
- شاهەنگ ئیسماعیل عوسمان، لەدایکبووی: 30-05-2004
- سەرکار سەفین رەسووڵ، لەدایکبووی: 20-02-2008
- محەممەد عەزیز مستەفا، لەدایکبووی: 05-05-2001
هیوا ئەحمەد گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ قاچاخچییەک داوای پارەی لە ئێمە نەکردووە، ئێمەش نەمانتوانیوە چارەنووسیان بزانین".
هیوا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پێنج کوردە دوایین جار کە قسەیان لەگەڵ کردوون گوتوویانە، بە بەلەم لە لیبیاوە لەگەڵ 33 کۆچبەری وڵاتانی دیکەدا بەرەو ئیتاڵیا بەڕێ دەکەون و لە دوای ئەو کاتەوە لە 14ـی ئاداری ئەم ساڵەوە هیچ دەنگیان نەماوە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، هەواڵ و دەنگۆیان پێگەیشتووە کۆچبەرەکان ماون و گوایە لە کەمپێکی تورکیادا راگیراون، بەڵام بۆیان پشتڕاست نەبووەتەوە.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپائەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو گەنجانە نزیکەی ساڵێکە کوردستانیان جێهێشتووە، تەواوی رێکخراوە عەرەبییەکان و میدیای عەرەبی و رێکخراوە جیهانییەکانم لە دۆسیەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ زانیارییەکم لە چارەنووسیان دەست نەکەوتووە".

