رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئیلام دەڵێت، پێویستە پەرە بە هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق بدرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵانە قەبارەی هەناردەی کاڵا لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە دەگاتە 1.5 ملیار دۆلار.
ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 30-09-2026، پێشوازییان لە شاندێکی پارێزگای واستی عێراق کردووە کە لەگەڵ ئیلام 240 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە.
بەگوتەی ئەحمەد کەرەمی، ئامانج لە دیدارەکە، ''دروستکردنی هاوسەنگی''ـی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و باشتر بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن بووە.
پارێزگاری ئیلام ئاماژەی بە قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران کرد لە دەروازەی سنووریی میهران و گوتی، ساڵانە بە بەهای نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار کاڵا لە دەروازە سنوورییەکەوە هەناردە دەکرێت و ''ئامادەکاریی پێویست بۆ هاوردەکردنیش هەیە، بە مەبەستی دروستکردنی هاوسەنگییەکی بازرگانیی نێوانمان''.
سەبارەت بە نێوەرۆکی دیدارەکە لەگەڵ شاندی عێراقی، ئەحمەد کەرەمی گوتی: ''هەردوولا رێککەوتن لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا، هاوئاهەنگیی پێویست بۆ داڕشتنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هاوبەش لە کەرتی کشتوکاڵدا بکرێت''.
پارێزگای ئیلام لە رۆژئاواوە بە گشتی نزیکەی 420 بۆ 430 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سێ پارێزگای دیالە، واست و میسانی عێراق هەیە، کە بەشە سەرەکی و گەورەکەی (نزیکەی 240 کیلۆمەتر) لەگەڵ واستە.
چالاکترین دەروازەی سنووریی نێوان هەردوو پارێزگاکە بریتییە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی میهران – زرباتییە کە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران بەکاردەهێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکان بۆ کردنەوەی بازاڕچە و دەروازەی سنووریی هاوشێوە وەک (چەنگوڵە) و (شەهابی) بەردەوامە.

