رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی فراوان لە لەوەڕگەکانی بۆکانی پارێزگای ورمێ کەوتەوە. بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی شارەکە دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام لانیکەم 15 هێکتار لەوەڕگە سووتاوە.
ئاگرەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-10-2026، لە لەوەڕگەکانی سێ گوندی شیوەغمە، تورکمانکەندی و قەڵایچیی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتەوە. محەممەد ئەمینپوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاوی شارەکە رایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکانیان و ژینگەپارێزانی ناوچەکە، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.
بەگوتەی محەممەد ئەمینپوور، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەدا، لانیکەم 15 هێکتار پووش و پاوان و لەوەڕگەی سنووری سێ گوندەکە سووتاون.
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێت، بەڵام بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاوی بۆکان دەڵێت، ئەم ساڵ بەهۆی چڕیی پووش و پاوان و لەوەڕگەکانی ناوچەکە، ئەگەری ئاگرکەوتنەوە زیاترە.
بۆکان دەکەوێتە باشووری پارێزگای ورمێ و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سروشتییەکانی شارەکە، نزیکەی 132 هەزار هێکتار لەوەڕگە، پووش و پاوان و 300 هێکتار دارستانی هەیە.

