رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروەی پارێزگای سنە دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە سێ کیلۆگرام تریاک و دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند.
واحید موزەفەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروە، رۆژی هەینی، 2-10-2026، بە میدیای ئێرانی راگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی قوروە کەسێکیان دەستگیر کرد کە لە سنووری شارەکەدا لە بواری دابینکردن و دابەشکردنی مادەی هۆشبەردا کاری دەکرد.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی قوروە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بە سەر سێ کیلۆ و 300 گرام تریاکدا گیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباری دەستگیرکراو کراوەتەوە.
بە پێی ئەنجوومەنی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی پارێزگای سنە، ساڵی رابردوو دەست بە سەر هەزار و 300 کیلۆگرام لە جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەردا گیراوە. زۆرترین بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بە رێژەی 35% تریاک و مادە لێدەرهێنراوەکانیەتی، کریستاڵ 24%، هیرۆین 21%، حەشیش 12% و مادە هۆشبەرەکانی دیکەش 8%. شارەکانی سنە، قوروە، سەقز، دێولان و کامیاران، بە پێی ریزبەندیی زۆرترین بەکارهێنەریان تێدایە.
.jpg&w=3840&q=75)


