رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی قوتابییانی خوێندنی کوردی لە پارێزگای سەڵاحەدین بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە و ئێستا زیاتر لە 5 هەزار قوتابی هەیە. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی پارێزگاکەش دەڵێ، گرفتی کەمی مامۆستای بابەت لە قوتابخانەکان بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە بابەتەکان بێ مامۆستا بمێننەوە.
رۆژی شەممە، تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ قۆناخە لەسەریەک مامۆستایانی سنووری پارێزگاکە خانەنشین دەبن و تاوەکو ئێستا تەنانەت یەک کەسیش لە جێیان دانەنراوە. جگە لەوە، ئەم ساڵیش ژمارەیەکی دیکە لە مامۆستایان خانەنشین دەبن، بەمەش بۆشاییەکی گەورە لە پەروەردەی خوێندنی کوردیدا دروست دەبێ."
تاریق ئەحمەد روونیکردەوە، گرفتی کەمی مامۆستای بابەت لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی کوردی بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە بابەتەکان بێ مامۆستا بمێننەوە و قوتابییەکان ئەو بابەتە نەخوێنن کە مامۆستاکەی خانەنشین بووە، چونکە بۆشایی مامۆستاکە پڕ نەکراوەتەوە.
تاریق ئەحمەد میلاکی مامۆستایانی سنوورەکەی بە بەربەستێکی دیکە لەبەردەم خوێندنی کوردی ناوبرد و گوتی: "ئەو مامۆستایانەی لە کەرتی پەروەردەی خوێندنی کوردی دامەزراون سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن و هەر بۆیە بەشێک لە مافەکانیان دەفەوتێت و دەڵێن دەبێ سەر بە حکومەتی عێراق بن."
یەکێکی دیکە لە گرفتەکان کە بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئاماژەی پێکرد، کەمی بینای قوتابخانە و نۆژەننەکردنەوەی ئەوانەیە کە هەن و گوتی: "ژمارەیەک لە قوتابخانەکان سێ دەوامین و هیچ قوتابخانەیەکی نوێ لە سنوورەکە دروست نەکراوە بۆ خوێندنی کوردی."
تاریق ئەحمەد گوتیشی، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیان لە گرفتەکانی خوێندنی کوردی ئاگادارکردووەتەوە و وەزارەتی پەروەردەش بەڵێنی چارەسەری گرفتەکانی پێداوین.


