رووداو هەولێر
سبەی ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبن، بڕیارە هەر سبەی لیستەکە بنێردرێت و رۆژی دووشەممە رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێت.
رۆژی شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی ئامادەکارییەکانی لیستی مووچە بە تەواوی کۆتاییان دێت، هەر سبەی ئێوارە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب لەلایەن شاندێکی تەکنیکی وەزارەتەوە بەرەو بەغدا بەڕێدەکرێت."
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی، بەیانیی رۆژی دووشەممە لیستەکە بە فەرمی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستەکە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم مانگە بەهۆی پشووەکان و هەندێک رێکاری یەکخستنەوەی بانکەکان و چەند کارێکی تەکنیکییەوە، ناردنی لیستی مووچە کەمێک دواکەوت."
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی 23ـی ئەیلوولەوە وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی کردووە، کە بەراورد بە مانگەکانی ئاب و تەممووز، دابەشکردنی مووچە لە بەغدا زووتر دەستیپێکردووە.
مانگی رابردوو، لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەممووز لە 23-08-2026 رەوانەی بەغدا کران. دواتر لە 14ـی ئەیلوول وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئابی راگەیاند، لە 15ـی مانگ دەست بە دابەشکردنی کرا و لە 19ـی ئەیلوولیشدا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کۆتایی هات.
.webp&w=3840&q=75)


