رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان، یەکەم بەفری ئەم ساڵ لە لووتکەی چیای (قسر) باری و سپیپۆشی کرد.
نیوەشەوی رابردوو لە سەرتاسەری پارێزگای ئەردەخان بارانێکی زۆر باری، بەڵام لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا لە ناوچە شاخاوییەکاندا کەش و هەوا ساردتر بوو و بەفر باری.
چیای قسر، کە 3 هەزار و 197 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و دەکەوێتە سەر سنووری ئەردەخان و ناوچەی زوورزوونان، بەهۆی بەفربارینەوە دیمەنێکی زۆر جوانی زستانەی دروستکرد. لە لووتکەی چیاکە، لەگەڵ بەفردا تەمێکی چڕیش ناوچەکەی داپۆشی.
هەرێمی سەرحەد، بە زستانە درێژ و سەخت و ساردەکانی ناسراوە. چیای قسر، بە بەرزیی 3 هەزار و 197 مەتر بەرزترین چیای پارێزگای ئەردەخانە و لە جوگرافیای ناوچەکەدا شوێنێکی گرنگی هەیە.
بەفربارین لەم لووتکەیەدا لە مانگەکانی سەرەتای پاییزدا، لای خەڵکی ناوچەکە بە "مزگێنیی هاتنی زستان" دادەنرێت. کاتێک چیای قسر بە بەفر سپی دەبێت، گوندنشینان و ئاژەڵدارانی ناوچەکە تێدەگەن کە کاتی گەڕانەوەیە لە کوێستان و زۆزانەکان و خۆئامادەکردنە بۆ زستان. هەروەها ئەم چیایە بە کانییە ساردەکان و لەوەڕگە فراوانەکانی، بۆ ژیانی سرووشتی و ئاژەڵداریی زوورزوونان و ئەردەخان سەرچاوەیەکی ژیانییە.

.webp&w=3840&q=75)
