رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین ساڵ لە خوێندن بە زمانی عەرەبی، ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی کورد لە کەرکووک و دەوروبەری، بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگە کوردییەکان، ئەمەش خواستی لەسەر خوێندنی کوردی لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
محەممەد، یەکێکە لەو خوێندکارانەی کە دوای پێنج ساڵ خوێندن بە زمانی عەرەبی، لەسەر داوای خۆی و بە بڕیاری خێزانەکەی گەڕاوەتەوە بۆ خوێندنی کوردی. شنیار فوئاد، خوشکی محەممەد، دەڵێت، "هەر لە سەرەتاوە کێشەی تێگەیشتنی هەبوو، بەردەوام مامۆستای تایبەتمان بۆ دەگرت. ئێستا بڕیارماندا بیگوازینەوە بۆ خوێندنی کوردی و لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییەوە دەستپێبکاتەوە".
تەنیا خێزانی محەممەد نیە بڕیاریانداوە منداڵەکەیان بخەنەوە بەر خوێندنی کوردی. رێبوار ناسیح، باوکی دوو منداڵە و دەڵێت، "منداڵەکانم لە پۆلی سێیەم و پێنجەمی سەرەتایین، کاتێک پێم گوتن دەیانگەڕێنمەوە بۆ خوێندنی کوردی زۆر دڵخۆش بوون، چونکە لە خوێندنی عەرەبی کێشەی گەورەیان لە تێگەیشتن هەبوو و هەست دەکەن بارگرانییەکی گەورەیان لەسەر شان لاچووە".
بەپێی ئامارەکان، تەنیا ئەم ساڵ زیاتر لە 1,100 خوێندکار لە کەرکووک و نزیکەی 50 خوێندکار لە خورماتوو گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنگە کوردییەکان. هێمن سەڵاح، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سۆنەگۆلی، ئاماژە بەوە دەکات کە "ساڵی رابردوو 24 خوێندکار گەڕانەوە، ئەمساڵیش کە هێشتا دەوام دەستی پێ نەکردووە، زیاتر لە 20 خوێندکاری نوێمان بۆ هاتووە".
رەئووف سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی، هۆکاری ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەو دەرفەتە باشترانە دەگەڕێنێتەوە کە خوێندنی کوردی بۆ دەرچووانی دەڕەخسێنێت. گوتی، "دەرچووانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە خوێندنی کوردی، دوو دەرفەتیان لەپێشە: وەرگرتن لە زانکۆکانی عێراق و کەرکووک، هەروەها وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم دوو چانسە وایکردووە خێزانەکان بڕیار بدەن خوێندنی کوردی بۆ منداڵەکانیان باشترە".
جگە لە گەڕانەوەی خوێندکاران، ئەمساڵ زیاتر لە 8,500 خوێندکاری نوێ لە قۆناخی سەرەتایی لە خوێندنگە کوردییەکانی کەرکووک ناویان تۆمار کراوە، کە نیشانەی گەشەسەندنی بەردەوامی خوێندنە بە زمانی دایک لە ناوچەکە.

.webp&w=3840&q=75)
