رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەم ساڵ سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەردەگیرێن و گۆڕانکاری لە نمرەکانی وەرگرتنیشدا دەکرێت کە "لە بەرژەوەندیی قوتابییاندا دەبێت"، رۆژێک دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیش مامەڵەی وەرگرتن راستەوخۆ دەستپێدەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەرگیراون سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین کە سبەی یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەبێت، "ئەم ساڵ ژمارەی قوتابییان لە پار و پێرار کەمترە، پار و پێرار کە توانرا هەموو قوتابییان وەربگیرێن ئەم ساڵیش هەموو قوتابییان وەردەگیرێن."
سەبارەت بە بەرزبوونەوە و دابەزینی نمرەی وەرگرتن بەراورد بە پار، ئەو سەرچاوەیەی خوێندنی باڵا گوتی: "ئەم ساڵ جیاواز دەبێت، چونکە ژمارەی قوتابییان کەمترە، بێگومان گۆڕانکاری لە نمرەکاندا کراوە، بەڵام قوتابییان دڵنیا دەکەینەوە کە گۆڕانکارییەکە لە بەرژەوەندیی ئەوانە."
ئەو سەرچاوەیەی خوێندنی باڵا ئاماژەی بە وادەی دەستپێکردنی مامەڵەکان کرد و گوتی: "سبەی دوای راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین، راستەوخۆ رۆژی دواتر قوتابییان دەتوانن دەست بە مامەڵەکانیان بکەن و هیچ کێشەیەکیان نییە."
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2026 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانسیتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: رۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا ئەنجامەکانی وەرگرتنی دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026-2027 رادەگەیێندرێت.
پێشتر و لە رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2026، سیستمی زانکۆلاین کاراکرا و 24ـی ئەیلوول وادەکەی کۆتاییهات، بەڵام بەمەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە قوتابییان، وادەکە بۆ ماوەی 48 کاژێر درێژکرایەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوانەی ئەم ساڵ مافی داواکردنی وەرگرتنیان لە زانکۆکان هەیە 30 هەزار و 847 یان دەرچووی بەشی زانستی، 7 هەزار و 923 دەرچووی وێژەیی، 1240 دەرچووی ئامادەییە پیشەییەکان و 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
.webp&w=3840&q=75)

