رووداو دیجیتاڵ
وەرزشڤانێکی خەڵکی کرماشان لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی یارییەکانی ئاسیادا کە لە ژاپۆن بەڕێوەچوو، توانی لە بەشی تایکواندۆدا پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و جارێکی دیکە میدالیای زێڕ بباتەوە.
شەممە، 04-10-2026، ئارین سەلیمی، یاریزانی تایکواندۆی خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی یارییەکانی ئاسیا، لە ناگۆیای ژاپۆنە، دوایین یاریی خۆی کرد و میدالیای زێڕی بردەوە.
یارییەکانی نێودەوڵەتیی ناگۆیا بە بەشداریی زیاتر لە 11 هەزار وەرزشڤان لە 45 وڵاتەوە لە 43 بەشی وەرزشیدا بەڕێوەچوو. ئارین سەلیمی لە کێشی +80 کیلۆگرامدا توانی دوایین یاریی خۆی لە تایکواندۆدا بەرامبەر وەرزشڤانێکی ئوزبەکستانی بە ناوی (مارات ماولۆنۆڤ) بباتەوە و پلەی یەکەمی سەر ئاستی ئاسیا بەدەستبهێنێت.
ئارین سەلیمیی تەمەن 23 ساڵ یەکێکە لە دیارترین و بەناوبانگترین تایکواندۆکارەکانی کێشی قورس (+80 کیلۆگرام)ـە لەسەر ئاستی جیهان. تاوەکو ئێستا چەندین میدالیای زێڕی لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا بردووەتەوە.
یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەو وەرزشڤانە لە ئۆڵیمپیادی پاریسی 2024ـدا بوو کە توانی لە پاڵەوانێتییەکانی تایکواندۆدا رکابەرە بەریتانییەکەی ببەزێنێت و میدالیای زێڕ بباتەوە.

.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)