رووداو دیجیتاڵ
هەنگاوێکی نوێ بۆ زمانی کوردی لە بواری تەکنەلۆژیادا نرا. کۆمپانیای تەکنەلۆژیی "Mazdek GmbH" لە سویسرا، یەکەمین پلاتفۆرمی ژیریی دەستکردی بە ناوی "Mazdek AI" ناساند، کە بە تایبەتی بۆ زمانی کوردی دروستکراوە. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە زمانی کوردی لە شۆڕشی ژیریی دەستکرد بێبەش نەبێت و خزمەتگوزارییەکانی وەک ناسینەوەی قسەکردن، نووسین-بۆ-دەنگ، وەرگێڕان و رێنووس بخاتە بەردەستی بەکارهێنەران.
فەرهاد بایسال، پەرەپێدەری سەرەکیی Mazdek AI، رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەشداریی لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نالین حەسەن، وردەکارییەکانی ئەم پلاتفۆرمە نوێیە و ئامانجەکانی پڕۆژەکەی ئاشکرا کرد.
"کوردیمان خستە سەنتەری ژیریی دەستکردەوە"
فەرهاد بایسال ئاماژەی بەوە کرد کە ئەپە گەورەکانی جیهان بە زۆری بۆ زمانی ئینگلیزی دروستکراون و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان ویستوویانە ئەمە بگۆڕن و گوتی: "ئێمە وەک کۆمپانیایەک لە سویسرا، ماوەیەکی درێژە سەرقاڵی پڕۆژەی تەکنەلۆژین. بینیمان کە ئەپە گەورەکانی جیهان بۆ ئینگلیزی دروستکراون. ئێمە بە پێچەوانەوە، ویستمان شتێکی دیکە بکەین. ئێمە کوردیمان زیاد کرد. ئەمە پلاتفۆرمێکی ژیریی دەستکردە کە کوردی لە سەنتەرەکەیدا جێی گرتووە."
بەیسال رایگەیاند، Mazdek AI بە شێوەزارەکانی کورمانجی، سۆرانی و کورمانجکی (زازاکی) و بە هەردوو ئەلفوبێی لاتینی و عەرەبی کاردەکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە پلاتفۆرمەکەیان تەنیا ئامرازێکی وەرگێڕان نییە، بەڵکو لە رێگەی سیستمی MSP دەتوانێت لە نێو مۆدێلە گەورەکانی جیهان وەک ChatGPT، Claude و Gemini وەک بنچینەیەکی کوردی بەکاربهێندرێت.
"ئەو زمانەی نەچێتە جیهانی دیجیتاڵییەوە، لەنێو دەچێت"
پەرەپێدەری Mazdek AI هۆشداریی دا و گوتی، ئەگەر زمانێک نەچێتە جیهانی تەکنەلۆژیاوە، ناتوانێت بمێنێتەوە و گوتی: "ئەندراس کۆرنا، زمانناسی هەنگاری لە ساڵی 2013دا لێکۆڵینەوەیەکی بە ناوی 'مردنی دیجیتاڵیی زمانەکان' بڵاوکردەوە. ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە لە 7000 زمانی جیهان، رەنگە کەمتر لە 5%ـیان بتوانن بچنە نێو جیهانی دیجیتاڵییەوە. ئەوانی دیکە لە دەرەوە دەمێننەوە، واتە لەنێو دەچن. ئێمە ویستمان زمانی کوردی بکەینە زمانی تەکنەلۆژیا، چونکە ئەگەر زمان نەبێتە زمانی تەکنەلۆژیا، نابێتە زمانی سەردەم."
ئەو هاونیشتمانییە رەخنەی لە پلاتفۆرمە جیهانییەکانیش گرت کە زمانی کوردی بە باشی ناناسنەوە و گوتی: "کاتێک دەتەوێت دەنگێکی کوردی بۆ ChatGPT بنێریت، ناتوانێت بۆت شرۆڤە بکات. دەنگی کوردی ناناسێتەوە، بە باشی قسە ناکات و شێوەزارەکان ناناسێتەوە. رەنگە کوردی بنووسن، بەڵام ئەرشیڤ، مێژوو و سۆسیۆلۆژیای کورد بە باشی ناناسن. ئێمە ویستمان ئەم بۆشاییە بە مێشکێکی کورد، بە کولتووری کوردی، بە مێژووی کوردی و بە سۆسیۆلۆژیای کورد پڕ بکەینەوە."
داهاتووی منداڵانی کورد لە جیهانی تەکنەلۆژیادا
بەیسال گرنگیی ئەم پلاتفۆرمەی بە تایبەتی بۆ نەوەکانی نوێ خستە روو و رایگەیاند، سبەی خزمەتگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە، بانک و دادگاکان بە ئامێرەکان دەکرێن و گوتی: "لێرەدا گرنگترین شت بۆ ئێمە منداڵانن. ئەمڕۆ منداڵان بە قسەکردن لەگەڵ ئامێرەکانی کۆمپیوتەر گەورە دەبن. ئەگەر ئەو ئامێرانە لە کوردی تێنەگەن، منداڵان کوردی وەک زمانێکی خراپ دەبینن و روو لە زمانەکانی دیکە دەکەن. ئێمە نامانەوێت تەنیا منداڵەکانمان فێری کوردی بکەین؛ دەمانەوێت ئامێرەکانیش فێری کوردی بکەین."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چ جۆرە داتایەک بۆ راهێنانی ئەم ژیریی دەستکردە بەکارهاتووە، بەیسال ئاشکرای کرد کە خۆیان زانیارییان دروستکردووە و گوتی: "ئێمە ستۆدیۆمان دروستکرد و دەنگی تایبەتمان تۆمار کرد. ئێمە زۆر نووسینمان بە خۆمان دروستکرد، هەروەها زۆر ڤیدیۆ و هەواڵمان شیکردەوە. نزیکەی دوو ساڵە، داتایەکی زۆر گەورە، نزیکەی 220 تێرابایتمان کۆکردووەتەوە. هەموو داتاکان لە سویسرا، لە سەر سێرڤەرەکانی بەردەستی خۆمان کۆدەبنەوە و ئێمە ئەم داتایانە هەرگیز نافرۆشین و رێکلامیش بڵاوناکەینەوە."
پلاتفۆرمەکە ئێستا چەندین تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێت کە بە تایبەتی بۆ کۆمەڵگەی کوردی پەرەیان پێدراوە.
بەیسال گوتی: "ئێمە نامانەوێت لە سەر بنچینەی مۆدێلێکی زمانی دیکە، زمانێکی نوێ دروست بکەین. دەمانەوێت زمانی کوردی لە بنەڕەتەوە لە لایەن ژیریی دەستکردەوە بخەینە قسەکردن."
هەروەها، باسی لە مۆدێلێک کرد کە بۆ کوردانی دیاسپۆرا زۆر بەسوودە و گوتی: "لە ناو ئەودا مۆدێلێکی سەرنجڕاکێش هەیە: کوردێک لە ئامەد و کەسێک لە دووسلدۆرفی ئەڵمانیا، دەتوانن لە هەمان کاتدا هەردووکیان لە یەکدی تێبگەن، واتە وەرگێڕانی راستەوخۆ دەکات. کوردێک کە لە زیورخ دەژی، بچێتە لای پزیشکێکی ئەڵمانی، دەتوانێت لە رێگەی Mazdek AI لەو پزیشکە تێبگات."
بەیسال رایگەیاند کە ئەوان ئێستا لە پەیوەندیدان لەگەڵ دوو یان سێ شارەوانی لە سویسرا بۆ ئەوەی ئەم سیستمە بە شێوەیەکی فەرمی دابنێن بۆ یارمەتیدانی کۆچبەران.
پلانی داهاتوو: مۆنتاژکردنی ڤیدیۆ و دروستکردنی گۆرانیی کوردی
لە سەر پرسیاری ئەوەی کە Mazdek AI زۆرترین لە کام ناوچانە بەکاردەهێندرێت، بەیسال دیاری کرد کە لە سەرەتادا زۆربەی بەکارهێنەران لە رۆژئاوا بوون، بەڵام ئێستا بەکارهێنەرانی باشووری کوردستان کە سۆرانی بەکاردەهێنن، کەوتوونەتە ریزی یەکەم. ئەوان هیوادارن کە هەنگاو بە هەنگاو زیاتر خۆیان بگەیەننە باکوور و دیاسپۆراش.
بەیسال دەربارەی ئەو نوێگەرییانەی کە ئەم مانگە دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، مزگێنییەکی دا و گوتی: "ئێمە ئەم مانگە سیستمی ڤیدیۆ دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێوە ڤیدیۆیەکی کوردی بار دەکەن، سیستمەکە شیدەکاتەوە، رووخسارەکان دەناسێتەوە و پاشان ڤیدیۆکە بۆ ئێوە دەکاتە چەند بەشێک وەک ڤیدیۆی کورتی ریل بە ژێرنووسی کوردی و دۆبلاژی کوردی ئامادە دەکات. ئێوە دەتوانن بە بێ بەکارهێنانی بەرنامەکانی مۆنتاژ، راستەوخۆ لە ناو Mazdek AI کارەکەتان بکەن و لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوی بکەنەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا مۆدێلی دروستکردنی گۆرانیش بڵاودەکەنەوە و گوتی: "بەکارهێنەران دەتوانن گۆرانیی کوردی دروست بکەن، بەڵام بە ئاوازی کوردی، نەک بە ئاوازێکی رۆژئاوایی. راستەوخۆ دەتوانین گۆرانیی کوردی وەک دەنگبێژی و گۆڤەند دروست بکەین. ئێمە مۆدێلەکەمان فێری گۆرانیی کوردی کردووە."
.webp&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)