رووداو دیجیتاڵ
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، 11 کۆچبەری دیکەی هەرێمی کوردستانیان لە دەستی قاچاخچییەکانی لیبیا رزگارکرد.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، رۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هەوڵ و کۆششەکانیان توانیویانە 11 کۆچبەر کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە دەستی تۆڕەکانی قاچاخچییەتی و بازرگانی بە مرۆڤ رزگار بکەن، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو خاکی لیبیا.
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئاماژەی بەوە کرد، رێکارەکان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان دەستیپێکردووە و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکانی نێوان باڵیۆزخانە و لایەنە ئەمنییەکان لە تەرابلوس بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کۆچبەرەکانی دیکە.
ئەحمەد سەحاف گوتی: "کۆچبەرەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ کراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان. پەیوەندیش بە خێزانەکانیانەوە کراوە بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەیان. پاسپۆرتی تێپەڕبوونیان پێدەدرێت بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەیان."
22 ئەیلوولی 2026 رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا بە رووداوی راگەیاند: "بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست پێش زیاتر لە مانگێک ژێرئاو کەوتووە و دەرکەوتووە 18 کۆچبەری کورد تێیدا خنکاون". بەڵام هەرزوو کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا گوتی: "هیچ کۆچبەرێکی کورد لە نێو ئەو 18 کەسەدا نییە".
رۆژی یەکشەممە 04ـی تشرینی یەکەمی 2026 عوسمان مستەفا، بەرپرسی کۆچ و کۆچبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە بارەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە بە رووداوی گوت: "لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەی بێسەروشوێنن، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ 16 کەس لە ئیدارەی راپەڕین کرا".
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی راپەرین روونیکردەوە: 'دەمانەوێ چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە یەکلا بێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی رابردوو پشکنینەکانمان تەواوکردن و لە رێگەی لیژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگە و تاوان رەوانەی سەنتەری گشتیی دی ئێن ئەی پارێزگای هەولێر کرا. پێشبینیی دەکرێ ئێوارەی ئەمڕۆ پشکنینەکان دەربچن".
دوای دەرچوونی پشکنینەکان، سەنتەری دی ئێن ئەی لە هەولێر ئەنجامەکان رادەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانیش لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەیدەنە باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لەگەڵ دی ئێن ئەی کۆچبەرە خنکاوەکان بەراورد دەکرێ.
بەگوێرەی داتاکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین، ئەو کەسانەی پشکنینی (دی ئێن ئەی)یان بۆ کراوە 16 هاونیشتمانین؛ 12 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕینن و سێ کەسی دیکەش دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ و یەک کەسیش دانیشتووی دووکانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا بە رووداوی راگەیاند: "دڵنیاین ئەو تەرمانەی لە کەناراوەکانی لیبیا دۆزراونەتەوە کورد نین".
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا گوتیشی: "دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە هەموو هەوڵی خۆمان دا تاوەکو چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە یەکلابکەینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوە دەستنەکەوتووە کە ئەو 18 کۆچبەرەی خنکاون کورد بن".


