رووداو دیجیتاڵ
دوو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن، سبەی دوای گەیشتنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلول، دەستبەجێ وردبینی تێدا دەکرێت، بەڵام خەرجکردنی پارەکە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
رۆژی یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، زیرەک تەیار زێباری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەشکردنی مووچە لە عێراق بەردەوامە و دوو رۆژی دیکە تەواو دەبێت، سبەی دوای ئەوەی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە دەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ راستەوخۆ وردبینی تێدا دەستپێدەکات".
ئەو ئەندام پەرلەمانە دڵنیایی دا و گوتی: "هیچ کێشەیەک لە ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستاندا نییە."
سەبارەت بە کاتی خەرجکردنی پارەی مووچە، زێباری گوتی: "ئەم هەفتەیە وردبینی و دابەشکردنی مووچەی عێراق تەواو دەکرێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
هاوکات د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "دابەشکردنی مووچە لە عێراق بەردەوامە، ئەگەر لیستەکە سبەی بگات وردبینی تێدا دەستپێدەکات و ئەم هەفتەیە هەم وردبینی هەم دابەشکردنی مووچە لە عێراق تەواو دەبێت."
د. جەمال کۆچەر گوتیشێ: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە خەرجکردنی پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیمی تەکنیکی وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەباتە بەغدا بۆ فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و سبەی دووشەممە بە فەرمی رادەستیان دەکات.
لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەممووز لە 23-08-2026 رەوانەی بەغدا کران. دواتر لە 14ـی ئەیلوول وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئابی راگەیاند، لە 15ـی مانگ دەست بە دابەشکردنی کرا و لە 19ـی ئەیلوولیشدا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کۆتایی هات.




