رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران خانمە وەرزشڤانێکی خەڵکی شاری سەقزیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026 ئاشکرا بووە کە رۆژی شەممە، رۆژان ئیبراهیمی، خانمە وەرزشڤانی بواری هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان (MMA) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەقز بەبێ پێشاندانی هیچ بڕیارێکی دادگە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی رۆژان و دەستبەسەریان کردووە؛ هاوکات لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەدا دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانی، لەوانە مۆبایلەکەیدا گرتووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو رۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی راگرتنی بێ ئەنجام بووە.
رۆژان ئیبراهیمی، تەمەنی 20 ساڵە و خەڵکی شاری سەقزە، یەکێکە لە کچە وەرزشڤانەکانی بواری MMA.
تاوەکو ئێستا ناوەندە فەرمیی و ئەمنییەکانی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو خانمە وەرزشڤانە کراون، نەداوە.




