رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی مێژوویی ئیسحاق پاشا لە شارۆچکەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، لە 9 مانگی ئەمساڵدا پێشوازی لە زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار کردووە و ئامانجیەتی تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەکە بگەیێنێتە چارەکە ملیۆنێک.
کۆشکەکە لەسەر گردێکی بەرز هەڵکەوتووە و دەڕوانێتە سەر دیمەنی دڵڕفێنی چیای ئاگری، لە ساڵی 2000ـەوە خراوەتە نێو لیستی کاتیی میراتی جیهانیی یونسکۆ و بە "یەکەمین بینا لە مێژووی جیهاندا دادەنرێت کە سیستمی گەرمکەرەوەی ناوەندی تێدا بەکارهاتبێت."
ئەرهان ئاگری، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری پارێزگای ئاگری، رایگەیاند، خواستی گەشتیاران بۆ بینینی ئەو شاکارە تەلارسازییە روو لە زیادبوونە و گوتی: "لە مانگی ئابی رابردوودا زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار و لە مانگی ئەیلوولیشدا 25 هەزار گەشتیار سەردانی کۆشکەکەیان کردووە.
بە گوتەی ئەرهان ئاگری، تێکڕای هاتنی گەشتیاران مانگانە لە نێوان 35 بۆ 40 هەزار کەسە. ئامانجیانە ئەوەیە بۆ ئەمساڵ پێشوازی لە 250 هەزار گەشتیار بکەن. گوتیشی، بۆ کارئاسانیی زیاتر، کار لەسەر دروستکردنی پێگەیەکی دیجیتاڵی و سیستمی "رێبەری دەنگی" بۆ کۆشکەکە دەکەن تاوەکو پێش کۆتایی ئەمساڵ بکەوێتە کار.
گەشتیاران لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران، ئازەربایجان، جۆرجیا و ئەرمینیا روو لە کۆشکەکە دەکەن.
ئەحمەد گوڵمەز، رێبەری گەشتیاری گوتی، گەشتیارێکی زۆر لە وڵاتانی دووری وەک ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیاوە سەردانی ناوچەکە دەکەن بۆ بینینی نەخش و شێوازە دەگمەنەکەی.
دروستکردنی کۆشکەکە لە ساڵی 1685 لەسەر دەستی چۆلاک عەبدی پاشا، میری بازید دەستیپێکردووە و لە ساڵی 1784 لەلایەن نەوەکەیەوە، ئیسحاق پاشا، دوای 99 ساڵ تەواوکراوە. کۆشکەکە تێکەڵەیەکە لە شێوازی تەلارسازیی عوسمانی، سەلجوقی، فارسی و ئەرمەنی و چەندین نەخشی هونەریی تایبەتی تێدا بەکارهاتووە.



