رووداو دیجیتاڵ
نهێنیی ئەو پێکهاتە بەردینەی لە باکووری کوردستان بە "کەشتیی نووح" ناوی دەرکردووە، جارێکی دیکە سەرنجی جیهانی زانستی بۆ لای خۆی راکێشایەوە. گرووپێک لە توێژەرانی ئەمریکی لە ناوچەی (دوروپینار) لە نزیک چیای ئاگری، لە قووڵایی زیاتر لە 20 مەتری ژێر زەویدا گەیشتوونەتە کۆمەڵێک بەڵگەی نوێ و سەدان نموونەی خاکیان بۆ یەکلابوونەوەی یەکێک لە گەورەترین مەتەڵە مێژووییەکانیان رەوانەی تاقیگە کردووە.
ئەندرۆ جۆنز، دامەزرێنەری رێکخراوی (سکانی کەشتیی نووح) و جێگری سەرۆکی پڕۆژەکە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بەڵگانەی لەم وەرزەدا دەستیانکەوتووە جیاواز و چاوەڕواننەکراون.
بەپێی گوتەی تیمەکە، چەند خاڵێکی سەرەکی گومانەکان بەهێزتر دەکەن:
پێوانەی ئەندازیاری: قەبارە و درێژیی ئەم پێکهاتەیە، بە تەواوی لەگەڵ ئەو پێوانەیەدا یەکدەگرێتەوە کە لە دەقی تەورات (بەشی پەیدابوون) بۆ کەشتیی نووح دیاریکراوە.
راداری ژێرزەوی: شەپۆلەکان دەریانخستووە لە ژێر زەوییەکەدا پێکهاتەی رێکخراو و ئەندازەیی هەن، کە لە ژوور، هۆڵ یان تەختەبەندی کەشتیی دروستکراو دەچن.
توێکڵی دەریایی لە شوێنێکی بەرزدا: سەرەڕای دووریی سەدان کیلۆمەتری لە هەر دەریا و زەریایەک، چەندین توێکڵ و گوێچکەماسیی دەریایی لە ناوچەکەدا دۆزراونەتەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە لە مێژوودا نقوومی ئاو بووە.
پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئیبراهیم چێچەن لە پارێزگای ئاگری بەڕێوەدەچێت. شوێنەکە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1959 لەلایەن فڕۆکەوانێکی تورکەوە بەدی کرا، دەیان ساڵە مشتومڕی زانستیی لەسەرە؛ لە ساڵی 1996 دوو زەویناس (لۆرێنس کۆلینز و دەیڤید فاسۆڵد) لە توێژینەوەیەکدا رایانگەیاند کە شوێنەکە "تەنیا پێکهاتەیەکی بەردینی سروشتییە."
بەڵام ئەمساڵ توێژەران بە ئامێری قورس تاوەکو قووڵایی 60 پێ (زیاتر لە 20 مەتر) چوونەتە نێو پێکهاتەکە و زیاتر لە 300 نموونەی خاکیان دەرهێناوە. ئەندرۆ جۆنز بە کەناڵی (فۆکس نیوز)ـی راگەیاند: "ئەم زستانە پشکنین بۆ نموونەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین شوێنەواری داری شیبووەوە یان کەرەستەی دەستکردی مرۆڤی کۆنی تێدایە یان نا."
بڕیاری هەڵکەندنی قووڵ دوای ئەوە هات کە لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت خاکی نێو پێکهاتەکە بە تەواوی لە خاکی دەرەوەی جیاوازە؛ بە جۆرێک کە سێ هێندە زیاتر ماددەی ئۆرگانیک (ئەندامی) و 38% پۆتاسیۆمی زیاتری تێدایە.
جۆنز دەڵێت: "کاتێک لە نێو پێکهاتەکەدا هەڵکۆڵینمان کرد، رووبەڕووی هیچ بەردێکی کلسینی رەق و نەپچڕاو نەبووینەوە کە پێناسەی شاخێکی سروشتی بێت، بەڵکو خاکێکی جیاواز بوو؛ ئەمەش بۆچوونی ئەوانەی پێیانوابوو شوێنەکە تەنیا بەردێکی سروشتییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
لە تەنیشت ئەم پێکهاتەیە، توێژەران چەندین پارچە گۆزەی کۆنیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی مس و ئاسن دەگەڕێتەوە. هەروەها شوێنەواری دوو ناوچەی کۆنی نیشتەجێبوون لە نزیکی دۆزراونەتەوە، ئەمەش دەریدەخات دوای رووداوە مێژووییەکە مرۆڤ لە نزیک ئەو کەشتییە ژیاوە.
ئەندرۆ جۆنز ئاماژە بەوە دەکات کە لە گومانی خەڵک تێدەگات و دەڵێت: "هەندێک لە هاوڕێکانم دەڵێن تۆ بەدوای ماڵی بابانوئێلدا دەگەڕێیت! بەڵام ئێمە بە میتۆدی زانستی کار دەکەین؛ داوا دەکەم خەڵک پێشوەختە بڕیار نەدەن تاوەکو زستانی ئەمساڵ ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان راستیی رووداوەکە بۆ هەمووان ئاشکرا دەکەن."


