رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی لێچوون و تەقینەوەی گاز، ژن و مێردێک بە سەختی سووتان و دوای 10 رۆژ مانەوە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی تاران، هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
هاونیشتمانییەک لە شاری سەقز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 24ی ئەیلوولی 2026، لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا بوتڵی گاز بە دوو هاوژیندا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە بە سەختی سووتاون و بریندار بوون."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بەهۆی سەختیی رێژەی سووتانەکەیان، ئەو دوو هاوژینە دەستبەجێ گواسترابوونەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو لە تاران، بەڵام سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، دوای 10 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
ئەو ژن و مێردە ناویان (بێهزاد رەوشەنی و نیگار رەشیدزادە)یە و خاوەنی منداڵێکن بە ناوی رەهام. بڕیارە سبەی دووشەممە تەرمەکانیان بگەڕێندرێتەوە بۆ شاری سەقز و لە گۆڕستانی ئایچی بە خاک بسپێردرێن.
بەپێی ئامارەکانی دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو 831 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوە، لێچوون و ژەهراویبوون بە گاز گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەزار کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی حەوت هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.



