رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێ، 11 گەنجی دیکە کە لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردبوو، دەگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 05-10-2026 رایگەیاند: "دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک هاونیشتمانییمان لە وڵاتی لیبیا بەدەست گەیشت، راستەوخۆ لەسەر فەرمانی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران، کە بەپەلە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و رزگارکردن و هێنانەوەیان".
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە گەڕانەوەی ئەو 11 کۆچبەرە کوردە لە لیبیا تەواوکراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، دوێنێ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هەوڵ و کۆششەکانیان توانیویانە 11 کۆچبەر کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە دەستی تۆڕەکانی قاچاخچییەتی و بازرگانی بە مرۆڤ رزگاربکەن، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو لیبیا.
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئاماژەی بەوە کرد، رێکارەکان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان دەستیپێکردووە و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکانی نێوان باڵیۆزخانە و لایەنە ئەمنییەکان لە تەرابلووس بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کۆچبەرەکانی دیکە.
ئەحمەد سەحاف گوتی: "کۆچبەرەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ کراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان. پەیوەندیش بە خێزانەکانیانەوە کراوە بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەیان. پاسپۆرتی تێپەڕبوونیان پێدەدرێ بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەیان."
22ـی ئەیلوول، رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا بە رووداوی گوت، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست لە مانگی ئاب ژێرئاوکەوتووە و دەرکەوتووە لەنێویدا 18 کەس خنکاون و زۆرینەیان کوردن، کەسوکاری کۆچبەرە کوردەکان رەتیانکردەوە و رایانگەیاند، هیچ زانیارییەکی فەرمییان لەبارەی ئەو هەواڵەوە پێنەگەیشتووە.
وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی هەواڵی ئەو کۆچبەرانەوە کە دەنگۆی گیانلەدەستدانیان بڵاوبووەتەوە، ئەمڕۆ رایگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەموو هەوڵ و توانایەکیان بۆ دۆزینەوە و سۆراخی 10 هاونیشتمانیی دیکەی راپەڕین چڕکردووەتەوە کە ماوەیەکە بێسەروشوێنن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە".
8ـی ئەیلوول 33 گەنجی دیکەی کورد کە لە لیبیا دەستگیرکرابوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، دوای ماوەیەک و لە 25ـی ئەیلوول، سێ گەنجی دیکەی هەمان گرووپ گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، زۆرینەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون لە پارێزگای سلێمانی.
بەهۆی هەبوونی گرووپی چەکداری جیاوازەوە، لیبیا بە شوێنێکی مەترسیدار دادەنرێت و چەندین جار هۆشداری بە هاونیشتمانییان دراوە، ئەو رێگەیە بۆ چوونە ئەورووپا بەکارنەهێنن.



