رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن، 25 خوێندکار لەم بەشەدا وەردەگیرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، زانکۆی ئیلام بە فەرمی راگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەکەنەوە. بەپێی زانیارییەکان، لەم قۆناخەدا 25 خوێندکار لە قۆناخی بەکالۆریۆس وەردەگیرێن.
لە دوای زانکۆی کوردستان لە سنە، ئەمە دووەم زانکۆیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بەشی ئەکادیمیی زمان و ئەدەبیاتی کوردی تێدا دەکرێتەوە.
پڕۆگرامی خوێندنی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بۆ قۆناخی بەکالۆریۆس لە ساڵی 2000 لە زانکۆی کوردستان لە سنە پێشنیاز کرا و لە ساڵی 2003 لەلایەن وەزارەتی زانست و خوێندنی باڵای ئێران پەسند کرا، بەڵام دەستپێکردنی فەرمیی خوێندن لەو بەشە دواکەوت بۆ ساڵی 2014، کە لەو کاتەوە ساڵانە دەیان خوێندکار وەردەگرێت و ئێستاش ئامادەکاری بۆ کردنەوەی خوێندنی باڵا (ماستەر) لەو بەشەدا دەکرێت.
کردنەوەی ئەم بەشە لە زانکۆی ئیلام دەنگدانەوەیەکی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە و چالاکڤانان و هاونیشتمانییان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێکردووە و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی لە ناوچەکەدا دەیبینن.
بەختیار سەجادی، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە بارەی کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی ئیلام لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: " ئەم هەنگاوە پێشڤەچوونێکی گەورەیە بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی و دەستخۆشی لە هەموو ئەو هاوڕێ و هاوکارانە دەکەم لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گرنگە دا."
سەجادی هەروەها نووسیویەتی: "ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵ بووم کە لە رێبەری ئەمساڵی بەشەکانی زانکۆکانی ئێراندا ناوی زمان و ئەدەبی کوردیم بۆ زانکۆی ئیلام بینی. یەکەم رۆژ کە وەک مامۆستا لە زانکۆی کوردستان دامەزرام خەونم بەوەوە دەبینی بەشی کوردی لە هەموو زانکۆکانی رۆژهەڵاتدا بکرێتەوە. هیوادارم لە زانکۆکانی دیکەش هەوڵی بۆ بدرێت. پیرۆزە لە هەمووان!"
زانکۆی ئیلام خاوەنی 83 بەشی ئەکادیمییە لە ئاستەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا و ساڵانە زیاتر لە 7 هەزار خوێندکار لە زانکۆکەدا دەخوێنن، هاوکات لە پلەبەندیی زانکۆکانی سەرتاسەری ئێراندا لە پلەی 30 دایە.



.jpg&w=3840&q=75)
