رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی لە عێراق تێوەگلانی 31 کەسی لە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵیی وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک ئاشکرا کرد، کە بە ناوی کەسێکی مردوو و چەند هاووڵاتییەکی دیکەوە هەزاران تۆن گەنم وەرگیراوە؛ سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پارێزگاکەش دەڵێت، دۆسیەکە هی پارە.
رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە کەرکووک، پاش بەدواداچوون لە کۆمپانیای (ما بەینولنەهرەین)، گەندەڵی و سەرپێچییەکی گەورەیان ئاشکرا کردووە کە لە ماوەی چەند کاژێرێکی کەمدا، هەزاران تۆن گەنم بە شێوازێکی نایاسایی و ناڕێکوپێک ساخکراوەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، ئەو بڕە گەنمە زۆرە بە ناوی سێ هاووڵاتییەوە وەرگیراوە کە یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە، سەرەڕای ئەوەی هیچ پلانێکی کشتوکاڵیشیان نەبووە. لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە دیاریکردنی کەمتەرخەمیی 31 فەرمانبەری کۆمپانیاکە لەنێویاندا بەڕێوەبەرانی پێشوو، لەگەڵ چەند فەرمانبەرێکی بانکی کشتوکاڵی کە دەستیان لە خەرجکردنی پارەکەدا هەبووە، تاوەکو ئێستاش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 10 تۆمەتبار جێبەجێ کراوە.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بابەتە پەیوەندی بە گەنمی ئەم ساڵەوە نییە، بەڵکو ساڵی رابردوو هەندێک کەس ناویان تۆمار کرابوو کە تەنانەت خەڵکی دەرەوەی پارێزگای کەرکووکیش بوون.
عەبدوڵڵا میروەیس گوتی: "کۆمپانیای ما بەینولنەهرەین خۆی بەڕاستی شوێنێکی گەندەڵییە. ئەم کۆمپانیایە ساڵانە بڕێکی زۆر گەنم وەرناگرێت، بەڵکو نزیکەی 8 بۆ 12 هەزار تۆن بنەتۆ وەردەگرێت، کە خۆیان تۆوەکە دەدەنە جووتیاران، چاودێری دەکەن و دواتر لێیان وەردەگرنەوە تاوەکو دەرمانی بکەن و دووبارە بیدەنەوە بە جووتیاران."
سەبارەت بە سەرهەڵدانی کەیسەکە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتی: "دیارە خەڵکێک هەیە ئەم دۆسیەیەی جووڵاندووە. لە کەرکووک کاتێک دەست بۆ دۆسیەیەک دەبەیت، 20 کەس تەلەفۆنت بۆ دەکەن و دەستت دەگرن، بەڵام دواجار دۆسیەکە جووڵێنراوە و هەندێکیان بە کەفالەت ئازاد کراون و هەندێکیشیان دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوە بەردەوامە."
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی کەرکووک راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا بە تەواوی و بە وردی بڕی ئەو گەنمە نادیارە نازانرێت کە چەند بووە و لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان وردەکاریی زیاتر ئاشکرا دەکات.
