رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەرزشڤانێکی ناسراوی شاری سنەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کردووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکارەکەی، تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، جەمیل ئەحمەدی، کە راهێنەری وەرزشی کۆنگفو و خەڵکی سنەیە، دوای ئەوەی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شارەکە کراوە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، دەستگیرکردنەکەی لەژێر تۆمەتی "بانگەشەکردن دژی حکومەت" بووە، بەڵام ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری گرتنی و شوێنی راگرتنی بڵاونەکردووەتەوە.
جەمیل ئەحمەدی پێشتریش رووبەڕووی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بووەتەوە؛ لە سەرەتای مانگی ئابی ئەم ساڵدا بۆ چەند کاژێرێک دەستبەسەر کرابوو، بەڵام دوای بەڵێننامە و پێدانی متمانە بەوەی دۆسیەکەی دادەخرێت ئازادکرابوو. هەروەها لە ساڵی 2021یشدا بۆ ماوەی 12 رۆژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو و دواتر ئازادکرابوو.
لە چەند رۆژی رابردوودا گوشارەکان بۆ سەر وەرزشڤانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بوون؛ رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوو دوو خانمە وەرزشڤانی دیکە لە شاری سەقز بە ناوەکانی (رۆژان ئیبراهیمی، یاریزانی MMA) و (ئایدا قادری، راهێنەری مەلەوانی) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی رابردوودا لانیکەم 70 هاونیشتمانی لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە ژمارەیەکیان ژن، منداڵ، مامۆستا و رۆژنامەڤانن.


